Muhammet Ali Kemal
05 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2016
دەرعا
هەریەک لە سوپای یەرموک و جەیشول شام کە دوو گرووپی ئۆپۆزسیۆنی سووریان و لە شاری دەرعای باشووری ئەم وڵاتەن، ئەو هەواڵانەیان بەدرۆ خستەوە کە باس لەوە دەکات ئەوان بەمەبەستی فراوانکردنی چوارچێوەی رێککەوتنی وەستاندنی شەر و پێکدادانەکان داواکارییان ئاراستەی رووسیا کردبێت.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی سوپای یەرموک کە سەربە بەرەی باشووری سوپای سووریای ئازادە، بەشار ئەلزوبی لە روونکردنەوەیەکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگەیاند هیچ یەکێک لە فەرماندەکانی بەرەکەی ئەوان بەمەبەستی فراوانکردنی چوارچێوەی رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ رووسیادا قسەیان نەکردووە و لەوبارەیەشەوە ئەنجوومەنی باڵای دانوستان خاوەنی بڕیارە.
زوبی ئاماژەی بەوەکرد هاریکارییەکانی فەرماندەکانی باشووری بەرەکە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندا تەنها بەمەبەستی دیاریکردنی ئەو پێشێلکارییانەیە کە روودەدەن و لای خۆشییەوە ئەنجوومەنەکە بەڵگەی پێشێلکارییەکانی بەمەبەستی رادەستکردنی بە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا ستێفان دیمستورا، داوەتە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی سوپای یەرموک باسی لەوەشکرد لە دۆخێکی ئەوتۆدا کە پێشێلکارییەکانی رووسیا و رژێم بەردەوامن، رێککەوتنەکە زۆر ناخایەنێت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەمەرجی راگرتنی هێرشەکان و رێگەدان بە چوونە ژوورەوەی هاوکاریی مرۆیی بۆ ژمارەیەک لەو شارانەی گەمارۆدراون، رێککەوتنەکەی پەسەندکردووە.
لای خۆشییەوە گوتەبێژی جەیشول شام ئیسلام، عەلوش لە روونکردنەوەیەکدا ئەو هەواڵانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لە پابەندبوونی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە رێککەوتنەکەوە لە شارۆچکەی ئەلروهایبەی سەر بە ناوچەی قەلەموونی باکووری دیمەشق دەکەن و جەختی لەوەکردەوە بڕیارێکی لەو شێوەیە پێویستە بە هاوبەشیی لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە و بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی بالای دانوستاندا بدرێت.
لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی بەرگری رووسیا دوێنێ رایگەیاند ١٨ فەرماندەی ناو شاری دەرعا داواکارییەکیان ئاراستەی رووسیا کردووە بەمەبەستی فراوانکردنی چوارچێوەی رێککەوتنی وەستاندنی شەر و پێکدادانەکان بەجۆرێک کە نۆ ناوچەی دیکە بگرێتەوە.