Muhammet Ali Kemal
24 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2016
ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس لەهەواڵێکیدا کە تێدا پشتی بە زانیارییەکانی هەریەک لە بەرپرسانی هەواڵگری عێراق و ئەورووپا و پەرلەمانتارێکی فەڕەنسی بەستووە، ئاماژەی بەوەکردووە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەمەبەستی هێرشکردنە سەر ئەورووپا کەمپی تایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دامەزراندووە.
ئەو بەرپرسانە بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە چەکدارەکان لەشێوەی شانەی تیرۆریستی پێکەوە گرێدراودا رەوانەی وڵاتانی ئەورووپا کراونەتەوە و فەرمانی ئەوەیان پێکراوە لەکات و شوێنی گونجاودا چالاکی ئەنجام بدەن.
بانگەشەی ئەوەکرابوو کە یەکێک لەو تیرۆریستانەی هێرشەکانی رۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجامدا، لەگەڵ گرووپێکدا کە لە ٩٠ چەکدار پێکهاتووە، چوونەتە ئەورووپاوە.
هاوسەرۆکی ئەو کۆمیسیۆنەی لە تۆڕە تێرۆریستییەکان دەکۆڵێتەوە کە هاوکات سیناتۆرێکی فەڕەنسییە، ناتالی گولێت ئاماژەی بەوەکردبوو، نزیکەی پێنج هەزار هاووڵاتی ئەورووپی چوونەتە سووریا و لەو ژمارەیەش ٤٠٠ بۆ ٦٠٠ کەسیان بەمەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەتی راهێنراون و مەشقیان پێکراوە.