Sangar Hamad Azeez
09 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2016
لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی ١٦ی جامی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی میوانداری یانەی رۆمای ئیتاڵی كرد.
لە گێمی یەكەمدا هەردوو یانەكە چەندین هەلی ئاسانیان بۆ تۆماركردنی گۆڵ لەدەست دا و گێمی یەكەم بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێكردنی گێمی دووەم یانەی رۆما چەند هێرشێكی ئەنجام دا بەڵام بە پێچەوانەوە یانەی ریال مەدرید بە گۆڵی یەكەم لە خولەكی ٦٤دا لەلایەن كرستیانۆ رۆناڵدۆوە وەڵامی هێرشەكانی رۆمای داوە.
چوار خولەك دوای ئەم گۆڵەش خێمیس رۆدریگێز ئەنجامەكەی بۆ یانە شاهانەكە دوو هێند كرد و یارییەكەش بەم ئەنجامە مایەوە تا فیكەی كۆتایی.
بە ئەنجامی یاری چوون و هاتن یانەی ریال مەدرید بە چوار گۆڵی بێ وەڵام توانی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی داهاتووی چامپیۆنس لیگ.
لە یارییەكی دیكەشدا یانەی ڤۆڵفسبۆرگی ئەڵمانی توانی بە گۆڵێلكی بێ وەڵام لە یانەی جێنتی بەلجیكی بباتەوە و بە ئەنجامی چوون و هاتن كە ٤-٢ بوو خۆی گەیاندە قۆناغی داهاتوو.