Zana Natık Kerem
16 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ دۆحە بەجیا لەگەڵ میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی و وەزیری کاروباری وزەی قەتەر، سەعد شریدە کەعبی کۆبوویەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی لە دۆحە لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی عێراق بەتایبەتی ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێ، ھەروەھا پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ کراوە، لەوبارەیەوە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە برەودان بە پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووریی، بازرگانیی و وەبەرھێناندا.
ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و ھەماھەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی کە جێگای بایەخی ھەردوولان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش داوە کە ھەر ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ دۆحە لەگەڵ وەزیری کاروباری وزەی قەتەر، سەعد شریدە کەعبی کۆبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی برەودان بە پەیوەندیی قەتەر و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری وزە، گازی سروشتیی و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ھەماھەنگیی لەنێوان ھەردوولادا گفتوگۆ کراوە.
دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێک گەیشتە دۆحە پایتەختی قەتەر.