Muhammet Ali Kemal
19 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2016
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن وێڕای رەخنە گرتن لە سیاسەتەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەیەک بڕیار حکوومەتەکەی بێنیامین ناتانیاهوی بەرەو ''ئاراستەیەکی هەڵە'' بردووە.
جۆ بایدن لە کۆبوونەوەیەکی دامەزراوەی ''J Street''ی سەربە لۆبی جوولەکەیە لە ئەمریکا، گوتارێکی پێشکەش کرد.
کۆبوونەوەکە کە واشنتۆن سازکرا، تێیدا بایدن رەخنەی لە حکوومەتەکی بێنیامین ناتانیاهو گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیەک چالاکی دەسەڵاتی ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەت سیاسەتی فراوانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون، وڵاتەکەی بەرەو چارەسەری ''یەک دەوڵەتیی'' بردووە و ئەمەش ''ئاراستەیەکی هەڵە''یە.
بایدن جەختی لەوەکردەوە کە ئەمریکا پشتیوانیی لە چارەسەری دوو دوڵەتیی بۆ کێشەکە دەکات و وەک ئیدارەی واشنتۆن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل - فەڵەستین ''بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئیسرائیل بەوە ناچاربکەن رێگای ئاشتییانەی بگرێتە بەر''.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند حکوومەتی ئیسرائیل ''هەندێکجار دەبێتە هۆی زیانی گەورە'' و ''ئەو رێگەیەی ئێستا گرتوویەتییە بەر، وا دیار نییە کە رێگەیەک بێت گرەنتی مانەوەی دەوڵەتی جوولەکە ودیموکراتی بەو شێوەیەی کە هەیە، بکات''.
جۆ بایدن سەردانەکەی مانگی رابردووی بۆ ناوچەکە وەبیرهێنایەوە وئاشکرای کرد لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی فەڵەستین مەحموود عەباس و بێنیامین ناتانیاهو هیوای بۆ ئاشتی نەبینیوە و رایگەیاند ''لەئێستادا لەلای ئیسرائیلییەکان و لەلایەن فەڵەستینییەکانیش ئیرادەیەکی جددی نییە بۆ دەستکردنەوە بە دانوستانەکان''.