Dildar Baykan Atalay
11 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن – AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا کرد و گوتی: "ئەم هێرشانە، جارێکی دیکە دڕندەیی ئەو شەڕە ناشەرعییەی کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین بۆسەر گەلی ئۆکراینا دەستیپێکردووە، نیشاندا".
لەو راگەیەندراوەی جۆ بایدن بڵاوی کردووەتەوە هاتووە: "ئەمریکا، بە توندی ئەو هێرشە مووشەکییانەی کە رووسیا ئەمڕۆ کردییە سەر کییڤ و چەند شارێکی ئۆکراینا سەرکۆنە دەکات".
سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشە مووشەکییەکان خەڵکی مەدەنی کردووەتە قوربانی و چەندین ئامانجی ناسەربازیی خاپوور کردووە وگوتی: "ئەم هێرشانە، جارێکی دیکە دڕندەیی ئەو شەڕە ناشەرعییەی کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین بۆسەر گەلی ئۆکراینا دەستیپێکردووە نیشاندا".
بایدن، لە راگەیەندراوەکەیدا سەرخۆشی لەکەسوکاری کوژراوەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست و جارێکی دیکە بەڵینی پاڵپشتی کردنی ئۆکراینا و سەپاندنی سزا لەسەر رووسیا دووپات کردەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی جۆ بایدن-دا هاتووە:
"جارێکی دیکە، داوا لە رووسیا دەکەین کە بە زووترین کات کۆتایی بەم جەنگە بێ مانایە بهێنێت و سەربازەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە".
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، ئەوەی راگەیاندبوو کە ئەم بەیانییە رووسیا لە رێگەی ٨٤ مووشەکی کرۆز و ٢٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئۆکراینا.