Zana Natık Kerem
10 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان لەگەڵ تورکیا تاوتوێ کرد بە تایبەتی لە بواری ئابووریی، ئاڵوگۆڕی بارزگانیی و ھاریکاریی ھاوبەشدا.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ھەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیەکدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، بەتایبەتی لە بواری ئابووریی، ئالوگۆڕی بازرگانیی ھاریکاریی ھاوبەشدا تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە گفتوگۆکراوە لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی سیاسی، پرسی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراق.
لە ھەواڵەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی و ئاشتیی لە عێراق کە کاریگەری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا ھەیە، ھەروەھا تیشکیان خستووەتە سەر تەحەدییەکانی قۆناغی ئێستای عێراق و چۆنیەتیی تێپەڕاندنیان بە ھاریکاریی نێوان پێکھاتە و لایەنە سیاسییەکانی وڵات و سوودوەرگرتن لە دەوڵەمەندیی سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکانی عێراق.
باسی لەوەش کردووە کە لەبارەی دوایین رووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە، بیروڕا ئاڵوگۆڕکراوە.