Ahmet Kartal
16 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2022
ئەنقەرە - AA
تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، هەژماری رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی داخست بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆی کە تیایدا وا نیشاندەدرێت کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ تیرۆر دەکرێت.
لە هەژماری خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەنیمەیشن بڵاوکرایەوە کە تیایدا وا نیشاندەدرێت کە دۆناڵد ترامپ تیرۆر دەکرێت، ئەمەش بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە دەرکردنی فەرمانی کوشتنی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی بەر لە دوو ساڵ پێش ئێستا.
دوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە، تویتەر هەژمارەکەی خامنەیی داخست بەهۆی "پێشێلکردنی یاساکانی تویتەر".
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
لە حەوتی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ ، دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو موھەندس رایگەیاندبوو کە لەسەر بنەمای ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەرکراوە.