Mehmet Şah Yılmaz
27 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2023
ئەنقەرە - AA
تورکیا هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتەمار بن گڤیر و جوولەکەنیشینە رادیکاڵەکان، بە کردەوەی ئیستفزازیی وەسف کرد و بەتوندی سەرکۆنەی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەتوندی هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و جوولەکەنیشینە رادیکاڵەکان لەژێر پاسەوانی هێزە ئەمنییەکان، سەرکۆنە دەکەین".
لە راگەیەندراوەکەدا داوای ئەوە کراوە کە رێگە بەو کردەوە ئیستفزازییانە نەدرێت کە پیرۆزییەکان و پێگەی مێژوویی مزگەوتی ئەقسایان پێش دەکەن و هاتووە: "بانگهێشتی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکەین کە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان".
بەیانیی ئەمڕۆ، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتەمار بن گڤیر و جوولەکەنیشینە رادیکاڵەکان لەژێر پاسەوانی هێزە ئەمنییەکان لە دەرگای مەغاریبەی مزگەوتی ئەقساوە چووبوونە ناو حەرەمی شەریف.
وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتەمار بن گڤیر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندبوو: "ئەمە، گرنگترین شوێنە بۆ ئەوەی گەلی ئیسرائیل بۆی بگەڕێنەوە و سەروەری خۆمانی تیایدا نیشان بدەن".