Sarp Özer
27 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند لە میانی هەفتەیەکدا، ٤٤ تیرۆریست لە باکووری عێراق و سووریا لە چالاکی خران و لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە گشتی ٨٩٢ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، زەکی ئاکتورک لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بە ئامانجی وشککردنی تیرۆر لە رەگوڕیشەوە، بەرەنگاربوونەوەی تیرور بەبێ پچڕان بەردەوامە.
زەکی ئاکتورک سەبارەت بە ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا لە چالاکی خراون، گوتی: "هەفتەی رابردوو، ٤٤ تیرۆریست لە باکووری عێراق و سووریا لە چالاکی خراون. بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لەمساڵدا لە چالاکی خراون گەیشتە ٨٩٢ و لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا، ٣٨ هەزار و ٢٣٥ تیرۆریست لە چالاکی خراون".
زەکی ئاکتورک دەربارەی ئەو رێوشوێنە ئەمنییانەی لە دەروازە سنوورییەکان گیراونەتەبەر رایگەیاند: "لە سایەی ئەو رێوشوێنە کاریگەرانەی گیراونەتەبەر لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ١٩٣ کەس دەستگیر کراون کە هەوڵیانداوە لە سنوورەکانەوە بە رێگای نایاسایی بێنە ناو تورکیا. ٢٠ لەم کەسانە تیرۆریست بوون کە ١٥یان ئەندامی فەتۆ بوون. دوو هەزار و ٩٠٠ کەسیش بەرلە پەڕینەوەیان لە سنوور رێگریان لێکراوە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، چوار هەزار و ٢٥٨ کەس دەستگیر کراون کە بەشێوەیەکی نایاسایی هەوڵیانداوە لە سنوورەکانی وڵاتەکەمان بچنەدەرەوە. لەو کەسانەش ٢١٦یان ئەندامی فەتۆ، ٣٢٦یان تیرۆریست بوون. ١٢٨ هەزار و ٨١٢ کەسیشیان بەرلە پەڕینەوەیان لە سنوور رێگرییان لێکراوە. لە میانی ئەم هەفتەیەدا، بنکەی ئاسایشی وڵاتەکەمان لەسەر سنووری ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ جەندرمە، دەستی بەسەر نزیکەی چوار هەزار و ٤٩٢ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و هەزار و ٥١ حەبی هۆشبەر و ٢٣ چەکی جۆراوجۆردا گرتووە کە هەوڵدراوە بهێندرێتە ناو تورکیا".
- لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن لە باکووری سووریا
راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، زەکی ئاکتورک ئاماژەی بەوە دا کە لە پێناو سەقامگیریی سووریا و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ پەنابەرانی سووریایی تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، چالاکییە مرۆییەکان و بنیاتنانەوەی ژێرخان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە حکوومییەکان بەڕێوەدەچن، گوتیشی: "هەفتەی رابردوو، دوو پەلاماری تیرۆریستی بۆسەر ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن لە باکووری سووریا ئەنجام دراوە. بەهۆی بەرپەرچدانەوەی دەستبەجێی فەرماندە قارەمانەکانمانەوە، ٣٠ تیرۆریست لە چالاکی خران".
زەکی ئاکتورک هەڵسەنگاندنی بۆ دەستپێشخەریی دانەوێڵە کرد کە لەلایەن رووسیاوە راگیراوە و گوتی: "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا و ئۆکراینا سەبارەت بە بەردەوامیدان بە دەستپێشخەری دانەوێڵە بەردەوامە.
بەهیوای بەدەوامیدانین بەو دەستپێشخەرییە کە جگە لە رۆڵگێڕان بۆ سەقامگیری نرخی خۆراک لە جیهان سەلمێنەری نیازپاکی و هەوڵدانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ. بە پێویستی دەزانین دەریای رەش نەکرێتە مەیدانی ململانێ و هاوشێوەی رابردوو ئەوەی لە تواناماندابێت بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار (ی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان) ئەنجامی دەدەین بۆ هێنانەدی ئاشتی و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی لە ناوچەکە".
راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، زەکی ئاکتورک ئاماژەی بەوە دا هەزار و ٤٦١ کۆمپانیا لە ٥٥ وڵاتەوە بەشدارییان لە ١٦ەمین پێشانگای پیشەسازیی بەرگریی نێودەوڵەتیدا (IDEF 2023)دا کردووە.
ناوبراو بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە وای بە باش دەزانن رووسیا بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە لە رێگای دەریای رەشەوە، گوتی: "دوای راگرتنی رێککەوتننامەکە لەلایەن رووسیاوە، کەشتی دیکە لە ئۆکرایناوە بەڕێ نەکەوتووە، بەڵام ئامادەکاری هەبووە بۆ ئەوەی کەشتی دیکە بەرەو ئۆکراینا بەڕێ بکەوێت. وەزارەتی بازرگانی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی رووسیا و ئۆکراینا بۆ ئەوەی ئەگەر کەشتی تورکیا یان ئەو کەشتییانەی خاوەنەکانیان کۆمپانیاکانی تورکیان و لە بەندەرەکانی ئۆکراینادا لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە بە ئاسایشپارێزراوی بگەنەوە وڵات".
زەکی ئاکتورک ئاماژەی بەوە دا کە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، پلان بۆ ئەوە داندراوە لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا، کۆبوونەوەی شورای باڵای سەربازیی بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام بدرێت.
زەکی ئاکتورک بیری خستەوە وەزیری بەرگریی تورکیا، یەشار گولەر لەگەڵ هاوتا یۆنانییەکەی، نیکۆس پاناگیۆتۆپۆلۆس هاوڕا بوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی زیاترکردنی متمانە، بەڵام هێشتا رێککەوتێک دیاریی نەکراوە بۆ ئەمە.