Hamdi Yıldız
10 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2023
رامەڵڵا-AA
لە میانی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر شارەدێی قەباتیا باشووری شاری جەنین باکووری کەناری رۆژئاوا، دوو فەڵەستینی کوژران.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی فەڵەستین، هێزێکی زۆری ئیسرائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر شارەدێی قەباتیا و ماڵەکانی شارەدێکە گەڕاون و زیانیان بە کەلوپەلی ماڵەکان گەیاندووە.
لە هەواڵەکەدا باس لەوەش کراوە کە لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئەو گەنجانەی ویستوویانە رێگری لە هەڵکوتانەکەیان بگرن، پێکداهەڵپژان روویداوە و بەهۆی دەستڕێژی چڕی هێزەکانی ئیسرائیل لە ئۆتۆمبێلێک، دوو فەڵەستینی کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی جەنین، ویسام بەکر ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە پێکداهەڵپژانەکاندا، دوو گەنج شەهیدبوون کە یەکێکیان خەڵکی شارەدێی قەباتیا و ئەوی دیکەیان خەڵکی شاری جەنین بووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵیی فەڵەستین خستوونیەتییەڕوو لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا لە کەناری رۆژئاوا و کەرتی غەززە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی دەستڕێژی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون گەیشتووەتە ١٢٧کەس کە ٢٤یان منداڵن.