Ahmet Furkan Mercan
10 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2023
تۆکیۆ - AA
باڵیۆزی ژاپۆن لە واشنتۆن، تۆمیتا کۆژی رایگەیاند کە بە ئامانجی بەهێزکردنی هاریکاریی لەگەڵ وڵاتەکەیدا، ناتۆ لە پلانیدایە نووسینگەی پەیوەندی لە تۆکیۆ بکاتەوە.
تۆمیتا کۆژی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە واشنتۆن، باسی لە پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی ناتۆ-ژاپۆن و لووتکەی G7 کرد کە ئەم مانگە ساز دەکرێت.
باڵیۆزی ژاپۆن لە واشنتۆن ئاماژەی بەوە کرد کە بە ئامانجی بەهێزکردنی هاریکاریی لەگەڵ وڵاتەکەیدا، ناتۆ لە پلانیدایە نووسینگەی پەیوەندی لە تۆکیۆ بکاتەوە، لەو بارەیەشەوە دەستیان بە کارکردن کردووە.
تۆمیتا کۆژی ئەوەشی خستەڕوو کە لە بەرامبەر زیادبوونی هەژموونی چین و قەیرانی رووسیا-ئۆکراینا و مەترسییە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور، دیداری لووتکەی G7 ''بەهێزکردنی شیرازەی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا'' دەبێت.
ناتۆ، ژاپۆن وەک وڵاتێکی هاوبەش دەبینێت و کیشیدا فومیۆ لە حوزەیرانی ٢٠٢٢دا، سەردانی مەدریدی کرد و بووە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کە بەشداری لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆدا کرد.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە تۆکیۆ ئاماژەی بە پەیوەندی دووقۆڵی بەهێزتر کرد و رایگەیاند: ''هاوبەشی ناتۆ و هاوبەشە بەهادارەکەمان ژاپۆن، رێگایەکی زیاتر بەهێزبوونی دەبێت''.
لووتکەی سەرکردەکانی G7، رۆژانی ١٩-٢١ی ئایار، بە میوانداری ژاپۆن لە شاری هێرۆشیما باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە ساز دەکرێت.