Övünç Kutlu
20 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2020
ئه‌نقه‌ره - AA
له یه‌كه‌م رۆژی كاردا، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت له بازاڕه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به ٤٢ دۆلار و ٨٨ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.
رۆژی هه‌ینیی نرخی خاوی برێنت گه‌یشته، ٤٣ دۆلار و ٤٥ سه‌نت و رۆژه‌كه‌ی به ٤٣ دۆلار و ١٤ سه‌نت ته‌واو كرد.
كاتژمێر ٠٩:٠٥ی ئه‌مڕۆ، نرخی نه‌وت به به‌راورد به كاتی داخستنی بازاڕ به‌ڕێژه‌ی سه‌دا ٠،٦ دابه‌زیوه و به ٤٢ دۆلار و ٨٨ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.
له هه‌مان كاتدا نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس (WTI)، به ٤٠ دۆلار و ٥٢ سه‌نت كڕیاری هه‌بوو.
له كاتێكدا به‌رزبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، كاریگه‌ری نه‌رێنیی كردووه‌ته سه‌ر پێشبینییه‌كانی گه‌شه‌ی ئابووریی جیهانی و داخوازی له‌سه‌ر نه‌وت، هاوكات ئه‌گه‌ری لاوازمانهوهی به‌كاربردنی نه‌وت له نیوه‌ی دووه‌می ساڵدا زیادی كردووه و بووه‌ته هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت.
بەپێی زانیارییەکانی زانکۆی جۆنز هۆپكینس، ژمارەى تووشبووانی ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19) لەسەرانسەرى جيهاندا، نزیكبووه‌ته‌وه له ١٤ مليۆن و ٤٠٠ هه‌زار کەس.
له لایه‌كی دیكەیشەوه، ژماره‌ی سەکۆکانی هەڵکەندنی بیری نەوت لە ئەمریکا ١٨هەفتەیه یەک لە دوای یەک کەم دەکات، له كاتێكدا ئه‌وه ئاماژه‌یه بۆ به‌رده‌وامی كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وت له‌و وڵاته‌دا كه گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته له جیهاندا له هه‌مان كاتدا به‌شێك له زیادخستنهبازاڕی نه‌وت كه‌م ده‌كاته‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌فتانه‌ی کۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی ئەمریکا "Baker Hughes"، ژماره‌ی سەکۆکانی هەڵکەندنی بیری نەوت لە ئەمریکا لە هەفتەی ١١-١٧ی تهمووز به به‌راورد به هه‌فته‌ی پێشووتر یەک سەکۆ کەمی کردووە و دابه‌زیوه بۆ ١٨٠ سەکۆ، بەو شێوەیە ئه‌وه ماوەی ١٨ هەفتەیه یەک لە دوای یەک ژمارەی سەکۆکانی بیرە نەوت لە ئەمریکا کەم دەکات و تێكڕا ٥٠٣ سەکۆ کەمیان کردووە.
هاوكات باس له‌وه ده‌كرێت كه ره‌نگه لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٤٢ دۆلار و ٩١ سه‌نت بۆ ٤٢ دۆلار و ٩٩ سه‌نت بەرهەڵستی بنوێنێت و، نرخه‌كه‌ی له‌نێوان ٤٢ دۆلار و ٨٣ سه‌نت بۆ ٤٢ دۆلار و ٧٥ سه‌نت بمێنێته‌وه.