Nazir Aliyev Tayfur
30 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2021
بیشکێک - AA
لەو شەڕ و پێکدادانەی دوێنێ بەهۆی کۆنترۆڵکردنی تۆڕی دابەشکردنی ئاو لە سنووری قیرغزستان-تاجیکستان روویدا، ژمارەی کوژراوانی لایەنی قیرغزستان بەرزبووەوە بۆ ١٣ کەس، بریندارانیش گەیشتە ١٣٤ کەس.
بە پێی راگەیەندراوی قیرغزستان، لە میانی شەڕ و پێکدادانەکەدا ١٣٤ هاووڵاتی قیرغزستان برینداربوون و، ١٣ کەسیش کە سیانیان سەرباز بوون گیانیان لەدەستداوە و، زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش بە هۆی پێکدادانەکانەوە لە ناوچەکە گواستراونەتەوە.
وەزارەتی دۆخە لەناکاوەکانی قیرغزستان، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکەی بڵاوکردەوە ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ پێنجشەممە، رێککەوتنی گەڕانەوەی سەربازان بۆ پێگەکانیان لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات ئەنجامدرا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لە لایەنی قیرغزستاندا ئاگر لە ٢١ خانوو، ١٠ بەنزینخانە، قوتابخانەیەک، دوو کافتریا، هەشت دووکان، بنکەیەکی پۆلیسی سەر سنوور، بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوە کەوتووەتەوە.
حکوومەتی قیرغزستان، دەستی بە کەمپین کرد بۆ گەیاندنی هاوکاریی بە ناوچەکە.
گرووپی پێکدادان کە بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران، ئارتەم نۆڤیکۆڤ پێکهێنراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانی ناوچەکە، هەماهەنگیی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دروست کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە ئەندامانی حکوومەت کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازبکەن لەبارەی دواین رەوشی باتکێن کە شەڕ و پێکدادانەکە تیایدا روویدا.