hemn husain
26 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2016
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تۆپخانەی ئێران بۆردومانی ناوچەکانی سیدەکان و حاجی ئۆمەرانیان کرد و بەو هۆیەوەشەوە ٥ هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون.
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین دۆنم زەوی سووتاوە و خەڵکی ناوچەکەش بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە ناوچەکەیان جێهێشتووە.
بەڕێوەبەری شارەدیێ سیدەکان، کاروان کەریم خان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە کاتژمێر ٨ی بەرەبەیان لەلایەن تۆپخانەی ئێرانەوە بەچڕی بۆردومانی سنووری شارەدێی سیدەکان کراوە بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە نزیکن لە سنوورەوە وەکو گوندەکانی دەرهۆڵ و کەتینا و بەربزێن و بەنێ، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە بەڵام زیانێکی زۆر بەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتووە و چەند دۆنمێک زەوی بەهۆی ئەو بۆردومانەوە ئاگری تێبەربووە و ترس و دڵەڕاوکییەکی زۆر لەلایەن هاووڵاتییان و ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە درووست بووە و بەو هۆیەوە ناوچەکەیان جێهێشتووە".
سەبارەت بە ماوەی تۆپبارانەکە بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان گوتی: "بۆردومانەکە نزیکەی یەک کاتژمێر و ٣٠ خولەک بەردەوام بوو و ئەوەیش بووە هۆی ئەوەی خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچەیە شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تۆپبارانەوە برینداربوون، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان گوتی: "لە سنووری شارەدێی سیدەکان خۆشبەختانە بریندار نەبووە بەڵام لەلای کوێستانەکانی ئالانە کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەرانەوە بریندار هەبووە و ئێستاش تۆپبارانەکە وەستاوە".
قایمقامی قەزای سۆران، کرمانج عزەت ھۆکاری تۆپبارانکردنی ئەو ناوچانەی گەڕاندەوە بۆ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێوان پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سوپای پاسداران درووست بووە.
سەبارەت بەو پرسە قایمقامی سۆران، کرمانج عزەت لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆردومانەکە دەستی پێکرد و جگە لە ناحیەی سیدەکان ئەوا بەشیکی ناحیەی حاجی ئۆمەرانیش کەوتە بەر بۆردومانەکە و بەو هۆیەوەشەوە ٥ کەس بریندار بوون کە ئەوانیش بریتین لە ژن و منداڵی ئەو رەوەندانەی کە لە کوێستانەکان نیشتەجێن".
سەبارەت بە زیانی ماددیش، کرمانج عزەت گوتی: "دەیان دۆنم پاوان و رەز و دارستان سووتاوە لەو ناوچەیە و ئەو خەڵکەی کە چووبوون بەناوی کشتوکاڵ و بەشێکی زۆریان ئاوارە بوون و هاتنە خوارەوە و لە ئێستاشدا تۆپبارانەکە بەردەوامە بەڵام بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ".