Heman Hussein Yaseen
04 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی ئاماری ساڵانەی جۆری تاوان و سزادراوانی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە میانی ساڵی رابردوودا، حەفت هەزار و ٨٢١ کەس بەتاوانی جۆراوجۆر سزادراون و گواستراونەتەوە بۆ ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەشخراوەتەڕوو کە بە گشتی پێنج هەزار و ٥٠٠ کەس لەناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی کۆمەڵایەتیی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماری ساڵانە و جۆری تاوانی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و تیایدا جەختی لەوەکردەوە کە بە مەبەستی کەمبوونەوەی جەنجاڵی لەناو گرتووخانەکاندا، پڕۆژەیەکیان لەبارەی لێبوردنی گشتیی ئامادە کردووە و ئاشکرایشی کرد کە لەماوەیەکی نزیکدا، کۆبوونەوەیەکیان لە پەرلەمانی کوردستان لەمبارەیەوە دەبێت.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان گوتی: "کۆی گشتی سزادراوانی هاتوو بۆ ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا بریتیی بووە؛ لە حەفت هەزار و ٨٢١ کەس، هاوکات ئەو کەسانەیشی کە ئازادکراون بریتیی بووە لە حەفت هەزار و ٥٧١ کەس، هەروەها هەزار و ١٩٢ کەس بە مەرج ئازادکراون".
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی کۆمەڵایەتیی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆی گشتی سزادراوانی ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: " کۆی ئەوانەی لەناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن بریتییە لە پێنج هەزار و ٥٠٠ کەس و لەو ژمارەیەش ٤٤١ کەس سزای لەسێدارەدانیان هەیە".
بەگوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان زۆرترین کەس لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تاوانی تیرۆر سزادراون لەدوای ئەویش تاوانی ماددە هۆشبەرەکان بە پلەی دووەم دێت و گوتی: "تاوانی تیرۆر کە زۆرترین زیندانی پێی سزادراوە و بریتییە لە هەزار و ٥٥٠ کەس، هەروەها ٩٤١ کەس بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان سزادراون لەو ژمارەیەش ٣٢١ کەسیان بازرگانن، هاوکات ٩٢٢ کەسیش بە تاوانی کوشتن سزادراون، ٥٥١ کەس بە تاوانی دزیکردن و ٤٤١ کەسیش بە سزای لەسێدارەدان لەناو چاکسازییەکانی هەرێمن".
گوتیشی: "زۆرترین تاوان لەناو چاکسازییەکان تیرۆرە، بەدوای ئەوەیش ماددەی هۆشبەرە کە رۆژانە ئامارەکان لە هەڵکشانە و ئێمەش هەوڵەکانمان لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان دەست پێ کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی، چونکە ماددەی هۆشبەر هەڕەشەیە بۆسەر کۆمەڵگا و تێکدانی شیرازەی خێزان".
هەرچەندە تا ئێستا سێ جار لێبوردنی گشتی لە ساڵەکانی ٢٠٠٧، ٢٠١٢، ٢٠١٧ بۆ سزدراوان دەرچووە و نزیکەی حەفت هەزار کەس لێی سوودمەند بوون و ئێستایش بەهۆی ئەوەی ژمارەی سزادراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە، هەر بۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتی پڕۆژەیەکی لەبارەی لێبوردنی گشتی ئامادەکردووە و لەمبارەیەوە ئیحسان بابان گوتی: "بەهۆی ئەوەی چاکسازییەکان جەنجاڵییەکی زۆری تیادایە، بۆیە داوای ئەوەمان کردووە کە لێبوردنی گشتی هەبێت و لەئیستادا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت، ئێمە و پەرلەمانیش پڕۆژەمان هەیە بۆ ئەم بابەتە، لەماوەی داهاتووشدا کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئێمە و پەرلەمانی کورستان بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی هەردوو پڕۆژە بکەین بە یەک پڕۆژەی تەواو".
لە کۆی سزادراوان، ٤١٢ قوتابی هەن کە لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندنن، هاوکات لەماوەی ساڵی رابردوودا، ٤٨ ھەزار و ٧٥١ کتێب لە کتێبخانەکانی ناو چاکسازییەکان خوێندراوەتەوە.
یەکێک لەو دەرفەتانەی کە دەدرێتە بەشێک لە سزادراوان بریتییە لە مۆڵەتی گەڕانەوە ماڵەوە و ئەمەش چەند مەرجێکی هەیە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی کۆمەڵایەتیی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان گوتی: "ئەوانەی کە سەدا ٢٥ی سزاکەیان تێپەڕاندووە، دەتوانین لە ماوەی سێ مانگدا، یەک هەفتە مۆڵەتیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، بێگومان ئەو پڕۆسەیەش بە هەندێک رێکاری یاساییدا تێپەڕ دەبێت".