AA
04 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2016
واشنتۆن - AA
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما دوای بەسەربردنی حەوت ساڵ لە كۆشكی سپی، بۆ یەكەمجار سەردانی مزگەوتێكی لە وڵاتەكەی كرد و رایگەیاند ''هاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی دوو وشە بە موسوڵمانان بڵێم كە تا رادەی پێویستە نەیان بیستووە، ئەویش بریتییە لە: سوپاستان دەكەم''.
ئۆباما سەردانی مزگەوتی كۆمەڵگەی ئیسلامی باڵتیمۆری كرد كە تێیدا خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و تەندروستی پێشكەش دەكرێت.
دوای ئەوەی لەگەڵ سەركردە دیارەكانی كۆمەڵگەی ئیسلامیدا كۆبوویەوە، ئۆباما سەبارەت بە پارێزگاریكردن لە ئازادی بیر و باوەڕ گوتەیەكی پێشكەش كرد.
باراك ئۆباما ئاماژەی بەوەكردووە كە ئیسلام ئایینی ئاشتییە و ئەو مزگەوتەشی كە ئەوان سەردانیان كردووە هاوشێوەی مزگەوتەكانی دیكەی ئەو وڵاتە بەشێكە لە ئەمریكا.
ئۆباما رووی قسەكانی كردە ئەو ئەمریكییانەی كە لە ژیانیاندا سەردانی هیچ مزگەوتێكیان نەكردووە و پێی گوتن كە مزگەوتی كۆمەڵگەی ئیسلامی باڵتیمۆر هاوشێوەی كڵێسا و سیناگۆگەكان پەرستگایە و لەوان جیاواز نییە.
سەرۆكی ئەمریكا نەیشاردەوە كە ئەم قۆناغە بۆ موسوڵمانانی وڵاتەكەی ''قۆناغێكە كە دڵەڕاوكێ و ترسی لەخۆ گرتووە'' و گوتی: ''هاوشێوەی هەموو ئەمریكییەكان ئێوەش خەم و دڵەڕاوكێتان سەبارەت بە تیرۆر هەیە بەڵام جگە لەوەش بەهۆی چالاكی توندوتیژی ژمارەیەكی زۆر كەمەوە، ئێوە وەك موسوڵمانانی ئەمریكا ترس و دڵەراوكێی دیكەتان بەرامبەر بەوە هەیە كە هەموو كۆمەڵگەكەمان زوو زوو دەكرێتە ئامانج''.
ئۆباما ئاماژەی بەوە كرد كە كۆمەڵگای موسوڵمانی ئەمریكا چەند ملیۆن كەسێك دەبێت و جەختی كردەوە كە ئەمریكییەكان وەك پێویست موسوڵمانان ناناسن و زیاتر بەهۆی كردە تیرۆرستییەكان لە میدیاكانەوە ناویان دەبیستن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا لەدوای 11ی سێپتەمبەری ئەمریكا و بەتایبەت دوای رووداوەكەی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و سان بێرناردینۆ، پەلامارە تیرۆرستییەكان بەسترانەوە بە بیروباوەڕی ئایینییەوە و بەم دواییەش ئەمریكییەكان دژایەتی موسوڵمانانیان كردووە.
ئۆباما گوتی: "گوتاری سیاسیی نا پەسەند دژی موسوڵمانانی ئەمریكا دەبیستین، ئەمە لە وڵاتەكەماندا جێگای نابێتەوە".
ئۆباما ئاماژەی بەوەدا لە ئەمریكا مزگەوت و ئافرەتانی سەرپۆش بەسەر كراونەتە ئامانج، منداڵان سووكایەتییان پێ كراوە و رایگەیاند، "لەڕاستیدا موسوڵمانانی ئەمریكی كەسانێكن كە كاری گرنگ بۆ وڵاتەكەیان دەكەن".
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا كە هەوڵی وەدەرنانی موسوڵمانان لە ئەمریكا دراوە و ئەوان خۆیان بە هاووڵاتی پلە دوو دەبینن و لەوبارەوە لە چەند گەسێكەوە نامەی پێگەیشتووە. راشیگەیاند ئەوە دۆخێكە لە ئەمریكا جێگای قبووڵكردن نییە.
ئۆباما گوتی: "ئێمە خێزانێكی گەورەی ئەمریكاین و نابێت هیچ كەس مامەڵەی هاووڵاتی پلە دووی لەگەڵدا بكرێت".
ناوبراو بە ستایشەوە باسی لە رۆڵی موسوڵمانان كرد و بەمشێوەیە درێژەی بە قسەكانیدا،"هاتووم بۆ دەربڕینی دوو قسە كە موسوڵمانانی ئەمریكا وەك پێویست گوێیان لێنەبووە. ئەوەیش سوپاسكردنە. سوپاستان دەكەم بۆ ئەو خزمەتەی بە كۆمەڵگاكەمانی دەكەن. سوپاستان دەكەم بۆ ئەو پشتگیرییانەی لە پێكەوەژیانی ئێمەی دەكەن و وەك خێزانێكی گەورەی ئەمریكی راماندەگرن".
- "داعش بەرگری لە ئیسلام ناكات"
ئۆباما، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە دامەزراندنی ئەمریكاوە تا ئێستا موسوڵمانان بەشێكن لەم وڵاتە، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا تۆماس جێفرسن و جۆن ئادامز كۆپی قورئانی پیرۆزیان هەبووە، هەروەها بێنجامین فرانكلین داوای لە موفتی ئەوكاتەی ئیستانبوڵ كردووە كارمەندێكی ئایینی بۆ رەوانە بكات تا ئامۆژگاری بكات.
ئۆباما، باسی لەوە كرد كە موسوڵمانان كەسانێكن لە بوارەكانی ئاسایش، هەواڵگری و سوپادا كاریان كردووە و هەوڵیانداوە بۆ پاراستنی ئەمریكا و خەباتیان كردووە بۆ ئازادی وڵات.
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆكی ئەمریكا ئۆباما بێ ناوهێنان ستایشی ئەو زانا موسوڵمانانەی كرد كە هاوكاریان پێشكەش بە ئەمریكا كردووە و خەڵاتی نۆبڵیان بەدەست هێناوە.
ئۆباما، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە فەرهەنگی ئیسلام لە "سەلام"ەوە هاتووە كە بەواتای ئاشتی دێت و وتی: "السلام علیكم، واتا لە ئاشتیدا بن. ئیسلام، ئایینی ئاشتیە. لەبەرئەوە ئیسلام تیرۆریزمی قەدەغە كردووە و خاوەنی نەریتێكە كە داوای رێزگرتنی لایەنی بەرامبەر دەكات".
باراك ئۆباما، ئاماژەی بەوە كرد كە رێكخراوە تیرۆریستیەكانی وەك داعش بەرگری لە ئیسلام یان موسوڵمانان نەكردووە و گوتی: "كاتێك تەماشا دەكەیت دەبینیت زۆربەی قوربانیانی دەستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان پیاو، ژن و منداڵی بێتاوانی موسوڵمانن. لەبەرئەوە نابێت ئەو شەرعیەتە بدەینە رێكخراوە تیرۆریستیەكان. چونكە ئەوانە بەرگری لە ئیسلام ناكەن".