Medina Ensar
18 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2016
ھەولێر
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی باراک ئۆبامای سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی ھەوالێکی ماڵپەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نوێنەری تایبەتی باراک ئۆبامای سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و باسی لە دواپێشھاتەکانی بەرەکانی جەنگی دژی تیرۆرستانی داعش و پتەوترکردنی کۆمیتەی ھەماھەنگیی نێوان ھێزەکانی ھاوپەیمان و بەغدا و ھەولێر کرد.
برێت مەکگۆرک دووپاتیشی کردەوە کە "ئەمریکا لە پشتگیریکردنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی کە ھەرێمی کوردستان دوچاری قەیرانێکی سەختی دارایی بووەتەوە و ئەوان ئاگاداری ئەو دۆخە سەختەن و ئێستا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە بە چ شێوەیەک بتوانن ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکای بۆ پێشمەرگە کرد و ھیوای خواست ئەو ھاوکارییانە فراوانتر و باشتر بکرێن و گوتی: "ئێستا ھەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت و پێویستییەکی زیاتری بە ھاوکاری لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە ھەیە، بەتایبەتی کە ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە".
نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە رەوشی سیاسیی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، ئاماژەی بەوە دا کە "ئەوان ئامادەن بۆ چارەسەریی کێشە ناوخۆییەکان گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا بکەن و لەمبارەیەشەوە دەست بە ھەڵنانی ھەنگاوی پێویست کراوە وھیوای خواست لە داھاتوویەکی نزیکدا ھەموو کێشەکان بگەنە چارەسەری گونجاو".