Abdullah Shukur
04 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2016
واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما لەبارەی ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز گوتی: "بیر لەوە بکەنەوە کە ئەگەر ئەم رووداوە لە ئەمریکا روویدا بووايە چۆن دووبارە سەقامگیریمان بۆ وڵات دەگەڕاندەوە و کێشەکانمان چارەسەر دەکرد".
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما لە کەناڵی سی ئێن ئێن وەڵامی پرسیارەکانی فەرید زەکەریای دایەوە.
ئۆباما لە دیدارەکەیدا لەبارەی ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووزی تورکیا دوا و گوتی: "بەشێک لە ئەندامانی ناپاکی سوپا ھەوڵی رووخاندنی حکوومەتی یاسایی و ھەڵبژێراوی وڵاتیان داوە. ئازایەتی ئەردۆغان و گەلی تورکیا مایەی سەڕسووڕمان بوو. ئێستا لە کاردانەوەی حکوومەتی تورکیا تێدەگەین. بیر لەوە بکەنەوە ئەگەر ئەم رووداوە لە ئەمریکا روویدا بووایە چۆن دووبارە سەقامگیریمان بۆ وڵات دەگەڕاندەوە و کێشەکانمان چارەسەر دەکرد".
ئۆباما ئاشکراشی کرد کە لە دوای ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز، بە ھیچ شێوەیەك پەیوەندی ئاسایشی تورکیا و ئەمریکا لاواز نەبووە. گوتیشی: "تورکیا وڵاتێکی بەھێزی ناتۆیە و بەمەبەستی لەناوبردنی داعش لەگەڵ ئێمە کار دەکات. تورکیا لە ناوچەکەدا ھاوپەیمانێکی گرنگی ئێمەیە. ھاوکات ھیچ کەسێک گومانی نییە لەوەی کە بومەلەرزەیەکی گەورەی سیاسی و ئیداری لە وڵاتەکەیان روویداوە. پێویستە دووبارە بنیاتی بنێنەوە و ھەڵبەتە چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەمەش زۆر گرنگە. ئێمە دەمانەوێت پاڵپشتی لە گەلی تورکیا بکەین".
ئۆباما وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی سیاسەتی پاڵێوراوی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەسەر لیستی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دژایەتی کۆچبەران گوتی: "خۆشەویستی نیشتیمان پەیوەندی بە رەنگی پێست و ناو و باوەڕ نییە. باوەڕ ناکەم ئەمە بگۆڕێت".
ئۆباما راشیگەیاند کە بیر لەوە ناکاتەوە کە زۆربەی گەلی ئەمریکا پشتیوانی لە ترەمپ بکەن و بە شێوەیەکی گشتیش لەمبارەیەوە ھەڵوێستی ئەرێنییە.