Dmitri Chirciu
20 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2023
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڕیاریاریدا سزا بەسەر ٥٠٠ هاووڵاتیی ئەمریکیدا بسەپێنێت کە باراک ئۆباما یەکێکیانە.
لەوبارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە وەبیرهێندراوەتەوە کە ئەمریکا بەردەوام سزا بەسەر بەرپرسان و هاووڵاتییانی رووسیادا دەسەپێنێت.
باس لەوەش کراوە کە وەک وەڵامێک بۆ ئەم کارە، رووسیا بڕیاریدا سزا بخاتە سەر ٥٠٠ هاووڵاتی ئەمریکی و هاتن بۆ رووسیایان لێ قەدەغە بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا لیستی ناوی ئەو ٥٠٠ کەسە بڵاوکراوەتەوە کە یەکێکیان سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆبامایە و چەندین بەرپرس و ئەندامی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانیشی لەنێودایە. هەروەها بە پاساوی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لە بارەی رووسیاوە چەند پسپۆڕ و لێکۆڵەرێک و بە پاساوی پێدانی چەک بە ئۆکراینا چەند بەرپرسێکی کۆمپانیایەکی بواری سەربازیی، خراونەتە ناو لیستەکەوە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ هەنگاوێکی "دوژمنکارانە" بەرامبەر بە رووسیا بێوەڵام نامێنێتەوە، ئەوەش وەبیرهێنراوەتەوە کە پێشتر ئەمریکا ڤیزای نەداوەتە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ تاوەکو بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات لە نیویۆرک.