Ahmet Furkan Mercan
20 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2023
هیرۆشیما - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بەڵێنی "هەوڵدان بۆ داماڵینی جیهان لە چەکی ئەتۆمی"ی بە هیرۆشیما دا.
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت G7 لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن، بەردەوامە. سەرکردەکانی بەشداربووی لوتکەکە دوێنێ سەردانی مۆزەخانەی مۆنۆمێنتی ئاشتی هیرۆشیمایان کرد و پەیامی خۆیان لە دەفتەری یادەوەریی مۆزەخانەکەدا نووسی.
لە مۆزەخانەکەدا زیاتر لە ١٠٠ پاشماوەی تایبەت بە بۆردومانکردنی شارەکە لە ساڵی ١٩٤٥دا بە چەکی ئەتۆمی، نمایش کراوە و بۆ یەکەمجار سەرکردەکانی وڵاتانی G7 پێکەوە سەردانیان کرد.
حکوومەتی ژاپۆن لە کۆتا راگەیەندراویدا ئەو پەیامانەی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە کە سەرکردەکان بە زمانی خۆیان لە دەفتەری یادەوەریی مۆزەخانەکەدا نووسیوویانە.
لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە دەفتەرەکەدا بەڵێنی "هەوڵدان بۆ داماڵینی جیهان لە چەکی ئەتۆمی"ی نووسیبوو.
بایدن، نووسیوویەتی: "با پێکەوە بەردەوامبین لە هەوڵدان بۆ رزگارکردنی یەکجارەکی جیهان لە چەکە ئەتۆمییەکان".
دواتریش سەرکردەکان سەردانی ئەو مۆنۆمێنتەیان کرد کە وەک هێمایەک بۆ قوربانیانی کارەساتی هیرۆشیما دروستکراوە و تاجەگوڵینەیان لەسەر دانا.
بایدن لە دوای سەردانەکەی باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٦دا دووەم سەرۆکی ئەمریکایە کە لە دوای بۆردومانکردنی شاری هیرۆشیما لە ساڵی ١٩٤٥دا سەردانی ئەو شارەی کردبێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەمریکا لە شەشی ئابی ١٩٤٥دا شاری هیرۆشیما و لە نۆی ئابدا شاری ناگازاکیی ژاپۆنی بە چەکی ئەتۆمی بۆردومان کرد و لە ئاکامدا نزیکەی ٢١٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.