Ruslan Rehimov
20 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2023
ئەنقەرە - AA
هاووڵاتییانی تورک کە لە ژاپۆن نیشتەجێن، لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ەوە بە کاتی ناوخۆی وڵاتەکە، لە شارەکانی تۆکیۆی پایتەخت و ناگۆیا، دەستیان بە دەنگدان کردووە.
ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان کە کاتەکانی بەیانی زوو چوونە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تۆکیۆ و کۆنسوڵخانەی ناگۆیا، ریزیان گرت بۆ دەنگدان.
دەنگدەران لەو دوو شارەدا دەتوانن رۆژانی ٢٠-٢١ی ئایار، لە نێوان کاتژمێر ٠٨:٠٠-٢٢:٠٠ دەنگ بدەن.
لە سەرانسەری ژاپۆندا شەش هەزار هاووڵاتیی تورکیا دەژین، لەوانەیش نزیکەی پێنج هەزاریان مافی دەنگدانیان هەیە.
لە دوای ٢١ی ئایار، کە کارەکانی دەنگدان کۆتایی دێت، کارتەکانی دەنگدان لە ژاپۆن لە رێگەی هێڵی ئاسمانییەوە رەوانەی تورکیا دەکرێنەوە.
- ئازەربایجان
لەو سندوقانەی دەنگداندا کە لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە باکو و کۆنسوڵخانەکانی ناهچڤان و گەنجە دانراون، لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ بەکاتی تورکیا، دەنگدان دەستی پێ کردووە.
لە باکو نۆ سندوقی دەنگدان، لە گەنجە سێ سندوق و لە ناهچڤان سێ سندوق دانراوە بۆ دەنگدان.
کارەکاندی دەنگدان لە ئازەربایجان تا رۆژی ٢٢ی ئایار دەخایەنێت، کە تێکڕا ١١ هەزار و ٤٣ دەنگدەری لێیە.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیادا، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی تورکیا لە ئازەربایجان، لە سەدا ٦٠،٢٦ بوو.
- لیتوانیا
ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە لە لیتوانیا دەژین، لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ بەکاتی ناوخۆی ولاتەکە، لە ڤیلنیوس-ی پایتەخت دەستیان بە دەنگدان کردووە، کە تا کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەردەوام دەبێت.
دەنگدان لە لیتوانیا کاتژمێر ٢١:٠٠ی رۆژی ٢١ی ئایار کۆتایی دێت.
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا، لە لیتوانیا ٧٩٥ دەنگدەری تۆمارکراو هەیە.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، دەنگدەرانی تورکیا لە لیتوانیا بە رێژەی ٧٣،٢١ بەشداریان کرد.
- قرغیزستان
کارەکانی دەنگدانی دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا لە وڵاتی قرغیزستان کە ژمارەیان سێ هەزار و ١١٩ کەسە، لە سەر یەک سندوقی دەنگدان کە لە باڵیۆزخانەی بیشکەک دانراوە، تا ئێوارەی رۆژی ٢١ی ئایار دەنگ دەدەن.
بەهۆی گەرمی کەشوهەوا لە بیشکەک، لە بەردەم بینای باڵیۆزخانەکەدا سێبەر بۆ دەنگدەران دروست کراوە و کورسیشیان بۆ دانراوە.
لە یەکەم گەڕی هەڵبژاردنەکاندا، دەنگدەرانی تۆمارکراوی تورکیا لە قرغیزستان لە سەدا ٥١،٤٨یان بەشداریان کرد.
- کازاخستان
ئەو هاووڵاتییە تورکانەی کە لە کازاخستان دەژین، لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئاستانا و کۆنسوڵخانەکانی ئالماتی و ئاکتاو لە کاتژمێر ٠٥:٠٠ەوە دەستیان بە دەنگدان کردووە.
لە کازاخستاندا تێکڕا شەش هەزار و ١٠٦ دەنگدەری تۆمار کراو هەیە و سێ سندوقی دەنگدانیان لەسەرانسەری وڵاتەکە بۆ دانراوە.
کارەکانی دەنگدان لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ی رۆژی ٢٢ی ئایار، کۆتایی دێت.
لە خەلی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، دەنگدەرانی تورکیا لە کازاخستان لە سەدا ٤٠یان بەشداریان کرد.
- تورکمانستان
لە عەشقاباد پایتەختی تورکمانستان، دەنگدەرانی تورکیا لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ەوە، لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان دەستیان بە دەنگدان کردووە.
لە تورکمانستان دەنگدان تا کاتژمێر ٢٠:٠٠ی رۆژی ٢٢ی ئایار بەردەوام دەبێت.
لە خولی یەکەمی دەنگدانەکاندا، لە تورکمانستان دەنگدەرانی تورکیا سەدا ٥٤،٦٥یان بەشداریان کرد.
- لوبنان
لە بەیروت پایتەختی لوبنان، دەنگدەرانی تورکی دانیشتووی ولاتەکە، لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ەوە دەستیان بە دەنگدان کردووە.
دەنگدان لە لوبنان لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ی رۆژی ٢٢ی ئایار کۆتایی دێت.
لە لوبنان دەنگدەرانی تورکیا لەسەدا ٣٥یان بەشداریان لە خولی یەکەم دەنگدانەکاندا کرد.
- ئیسپانیا
کارەکانی دەنگدان لە ئیسپانیا لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە مەدرید و کۆنسوڵخانەی تورکیا لە بارسیۆلۆنا، لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ بەکاتی ناوخۆی وڵاتەکە، دەستی پێ کردووە.
دەنگدەران دەتوانن تا رۆژی ٢٢ی ئایار، لە نێوان کاتژمێر ٠٨:٠٠ - ٢٢:٠٠ دەنگ بدەن.
لە کۆی پێنج هەزار و ٨٣٨ دەنگدەر لە ئیسپانیا، سێ هەزار و ٥١٠ کەسیان لە هەڵبژاردنەکانی خولی یەکەمی سەرکۆمار و ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیا، دەنگیان دا.
- ئۆزبەکستان
هاووڵاتییانی تورکی نیشتەجێی ئۆزبەکستان کە مافی دەنگدانیان هەیە، لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ بەکاتی ئەنقەرە، لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاشکەنت و کۆنسوڵخانەی تورکیا لە سەمەرکەنت دەستیان بە دەنگدان کردووە.
لە ئۆزبەکستان، کارەکانی دەنگدا کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەکاتی ناوخۆی تورکیا، کۆتایی دێت و تێکرا سێ هەزار و ٢٣٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە تاشکەنتی پایتەخت دوو سندوقی دەنگدان و لە سەمەرکەنت یەک سندوق دانراوە.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا، لەسەدا ٥٠ی دەنگدەرانی تورکیا لە ئۆزبەکستان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد.
- فەڕەنسا
دەنگدەرانی تورک لە فەڕەنسا لە شارەکانی پاریس، مارسیلیا، سترازبێرگ، لیۆن، نانتیس، بۆردۆ، لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ەوە دەستیان بە دەنگدان کردووە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری وڵاتەکەیان.
کارەکانی دەنگدان لەو شارانەدا تا رۆژی ٢٤ی ئایار، لە نێوان کاتژمێرەکانی ٠٨:٠٠-٢٢:٠٠ بەڕێوەدەچێت.
هەروەها ئەو دەنگدەرانەی تورک کە لە فەڕەنسا دەژین، دەتوانن لە رۆژانی ٢٠-٢١ی ئایاردا، لە کاتەکانی ٠٩:٠٠-٢١:٠٠ لە شارەکانی مولهاوس، کلێرمۆنت-فێران و ئۆرلینز دەنگ بدەن.
لە کۆی ٣٩٧ هەزار و ٨٦ دەنگدەر لە فەڕەنسا، ١٩٧ هەزار و ٦٣٤ کەسیان لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری گەڕی یەکەمی سەرکۆمار و ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیا، دەنگیان دا.
- عێراق و هەرێمی کوردستان
پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا پایتەختی عێراق و کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
بەپێی ئامارەکانی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، ژمارەی دەنگدەران لە عێراق بریتییە لە پێنج هەزار و ٧٤١ کەس، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٨٣٤ کەسیان لە هەرێمی کوردستانن.
کاتژمێر ٠٩:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە و هاووڵاتییانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان چوون و پڕۆسەکەش ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.