Rewa Mahmut Hasan
18 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2016
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما رایگەیاند کە شەری ئۆپەراسیۆنی موسڵ دژ بە داعش قورس دەبێت و ئاشکراشی کرد هاوشانی پلانی سەربازی، پلانی ئامادەکاری بۆ رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی مرۆیی دارێژراوە .
لەپەراوێزی کۆبوونەوەی ئۆباماو سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ماتیۆ رەنزی کە لەکۆشکی سپی بەڕێوەچوو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەیی هاوبەش رێکخرا.
لە کۆنگرە رۆژنامەییەکەدا ئۆباما باسی لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ کردو رایگەیاند کە شەرەکە قورس دەبێت و گوتیشی کە داعش فشار دەخەنە سەر خەڵکی شارەکەو لەئێستادا پێویستیەکی زۆر بە ئاوو کارەباو خزمەتگوزاری هەیە.
ئۆباما گوتی :
خەڵک لە ناوچەکانی خۆیان هەڵدێن، خەڵکێکی زۆر دەربەدەر دەبن، بەهەماهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگاکانی یارمەتی مرۆیی لە چوارچێوەی پلانی هاوپەیمانان هاوشانی پلانی سەربازی چەندین رێوشوێنی ئامادەکاری بۆ رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی مرۆیی دەکرێت .
ئۆباما هیچ زانیاریەکی دەرباریی وردەکاری پلانەکەی بڵاو نەکردەوەو گوتی " ئەگەر ژمارەیەکی زۆر خەڵک ناچار بن هەڵبێن، بێگومان رووداوی ناخۆشیش روودەدەن.ئەگەر بێتو سەرکەوتوو نەبین لە یارمەتی دانی ئەوانەی لە دەست داعش هەڵدێن، ئەوا دوای رزگار کردنی موسڵ لاواز دەبین لەمەڕ دژایەتی کردنی رقو کینەو هەوڵەکان بۆ گەرانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچانە.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رەنزی ئاماژەی بەوەدا کە لە بارەی موسڵ و رووبەروو بوونەوەی داعش وڵاتەکەی هاوڕایە لەگەڵ ئەمریکاو ئاشکرای کرد کە سەربازانی موسڵ پشتگیری دەکەن لە ئۆپەراسیۆنی پاراستنی بەنداوی موسڵ لەکاتێکدا باسی لە گرنگی پاراستنی بەنداوەکە کرد .
لەبارەی پەیوەندیەکانی ئەمریکاو و رووسیا ئۆباما گوتی :
رووسیا دوای ئێمە خاوەنی سوپایەکی بەهێزو گەورەو گرنگە.دەبێت رووسیا ببێە بەشێک لە چارەسەریەکانی جیهان نەک بەشێک لە کێشەکان .بەڵام هەڵوێستەکانی زیانی گەیاندووە بە یاسا نێودەوڵەتیەکان. ئێمەش ئەمەمان کردە رۆژەڤ.ئەو کەسەی لە سەر کورسی سەرۆکایەتی دانیشتووە دەبێت هەمان شت بکات،چونکە ئەمە ئەو بەهایانەن کەلەپێناویدا شەرمان بۆ کردووە.