Mazın Asad
19 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2016
پەیەدە/پەکەکە بە مەبەستی بەیەک لکاندنی عەفرین و منبج لە رۆژئاوای رووباری فورات کە کونترۆڵی کردووە، ھێرشەکانی بۆ سەر شارۆچکەی باب چڕکردووەتەوە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە لایەن ھێزەکانی تورکیا، سوپای سووریای ئازاد لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە شارۆچکەی باب کە دەکەوێتە باکووری شاری حەلەب، پیلانی پەیەدە/پەکەکە بۆ لکاندنی ناوچەکانی رۆژھەڵات بە رۆژئاوای رووباری فورات ترسی تێکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی سووریا دەستیان خستووە، پەیەدە/پەکەکە دوێنێ شەو ھێرشەکانی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی باب لەدەست داعش چڕ کردووە.
شەوی رابردوو چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە لە نێوان باکووری رۆژئاوای باب و شارۆچکەی ماری، ھێرشی بۆ سەر گوندی تەل مەلید ئەنجام دا کە ھێزەکانی سوپای سووریای ئازادی لێ جێگیر کراوە. لە ئەنجامی شەڕوپێکدادان لە نێوان ھەردوو لا، دوو چەکداری سوپای سووریای ئازاد کوژران.
ئەمڕۆش چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە دووبارە ھێرشی بۆ سەر ھێڵی باشووری شارۆچکەی ماری ئەنجام دا و بەھۆیەوە گوندەکانی حەسەجیک، وەردیە، کول سوروج و کاستەلی ژێر کۆنترۆڵی داعش کەوتە ژێر دەستی پەیەدە.
ئەگەر پەیەدە/پەکەکە شارۆچکەی باب کۆنترۆڵ نەکات، ئەوە شارۆچکەی منبج و عەفرین بەیەک ناگات کە دەمێکە پیلانەکانی بۆ ئەو مەبەستە چڕ کردووەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتەیەکیدا دووبارە راگەیاندبوو کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، سەندنەوەی شارۆچکەی بابە لەدەست داعش و کۆنترۆڵکردنییەتی لە لایەن سوپای سووریای ئازاد.
دەسەڵاتی پەیەدە لە باکووری سووریا بە درێژایی سنووری تورکیا لە شاری حەسەکە و کۆبانێ و لە رۆژھەڵاتی رووباری فوراتیش شارۆچکەی عەفرین درێژ بووەتەوە. بەو ھۆیەوە پەیەدە ھەوڵەکان دەدات دوای کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی منبج، ھێڵی جەرابلوس-عەزاز بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و خاکەکانی لە سووریا فراوانتر بکات. بەم پێیەش ئامانجی پەیەدە پچڕاندنی پەیوەندی جوگرافی نێو سنووری تورکیا و سووریایە.