Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
19 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2017
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆیدا لە کۆشکی سپی، راگەیاند:
- ''پەیوەندیی بنیاتنەر لەگەڵ رووسیادا بەقازانجی هەردوو وڵاتە و لەو پێناوەشدا کاری زۆرمان کرد بەڵام ئەنجامەکان لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوون".
- ''رووسیا لە رێگەی هێزەوە چووە ناو ئۆکراینا. چەندین جار ئەوەمان پێگوتن کە ئەگەر واز لەو کارەتان بهێنن، ئەوا سزاکان هەڵدەگیرێن''.
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆیدا لە کۆشکی سپی، وێڕای گوزارشتکردن لە نیگەرانییەکانی سەبارەت بەئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند ''نیگەرانم لەتێپەڕینی کات سەبارەت بەچارەسەر لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت بۆ کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین''.
باراک ئۆباما لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا باسی لە هەریەک لە ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە قۆناغی نوێدا و چێڵسی مانینگ کرد و نیگەرانییەکانی لە رەوتی پێشڤەچوونی کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین هێنایە سەر زمان.
ئۆباما جەختی لەوەکردەوە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە بڕیارە رۆژی هەینی دەستبەکاربێت، سیاسەتی خۆی سەبارەت بەئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەکات و بەتایبەت ئەو گوتانەی راوێژکارەکانی پێی دەڵێن، نیشاندەری گرنگ دەبن بۆ سەرۆکی نوێ.
- پەیوەندییەکانی رووسیا - ئەمریکا
باراک ئۆباما رایگەیاند ''پەیوەندیی بنیاتنەر لەگەڵ رووسیادا بەقازانجی هەردوو وڵاتە و لەو پێناوەشدا کاری زۆرمان کرد بەڵام ئەنجامەکان لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوون''.
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما رەخنەی لە هەڵوێستی مۆسکۆ لەدوایین قۆناغدا، گرت و گوتی: ''لەسەردەمی پوتیندا لێدوان و قسەی دژی ئەمریکا روویان لە هەڵکشان کرد''.
ئۆباما جەختی لەوەکردەوە ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپێنراون لەئەنجامی ئەو کارە هێرشبەرانەیەی ئەو وڵاتەدا هاتووە بۆسەر ئۆکراینا و هیچ پەیوەندییەکی بەچەکە ئەتۆمییەکانەوە نییە.
راشیگەیاند ''رووسیا لە رێگەی هێزەوە چووە ناو ئەو وڵاتەوە. چەندین جار ئەوەمان پێگوتن کە ئەگەر واز لەو کارەتان بهێنن، ئەوا سزاکان هەڵدەگیرێن'' و لەبارەی گوتەکانی ترەمپیشەوە کە رایگەیاندبوو ''دەتوانین سزاکانی سەر رووسیا هەڵگرین''، ئۆباما جەختی لەوەکردەوە بڕیار و لێپرسراوێتی ئەو کارە دەکەوێتە ئەستۆی ئیدارەی نوێ.
باراک ئۆباما تیشکی خستە سەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئەمریکا لەدوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا بەسەر دوو بەشدا پەرتبوون و ئەمەش شتێکی باش نییە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هیوای زۆر لەسەر لاوان و داهاتووی وڵاتەکەی هەڵچنراوە.
دوای رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا کە بڕیارە سبەی هەینی لە کۆنگرێس سازبکرێت، ئۆباما پۆستی سەرۆکایەتی رادەستی ترەمپ دەکات و لەگەڵ خانەوادەکەیدا لە واشنتۆن تا ماوەیەک درێژە بەژیان دەدات.