Hüs eyingulu Hüseyinzade
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2022
وارشۆو- AA
حکوومەتی پۆڵەندا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەسەر سنووری بێلاڕووس دیوار دروست دەکات.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەکانی پۆڵەندادا بڵاوکراونەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی پاراستنی سنوور، رێککەوتننامەیەکیان بۆ دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا- بێلاڕووس، واژۆ کردووە.
یەکێک لە بەرپرسە سەربازییەکانی پاراستنی سنووری پۆڵەندا بە ناوی ڤیۆلێتا گۆرزکۆڤسکا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە دروستکردنی دیوارەکە بە درێژایی ١٨٦ کیلۆمەتر لەسەر سنووری بێلاڕووس، پێویستی بە وەبەرهینانێکی خێرا هەیە.
گۆرزکۆڤسکا باسی لەوەش کرد کە دروستکردنی دیوارەکە لەلایەنی بەهێزکردنی سنوور و لۆجستییەوە دەبێتە وەبەرهێنانێکی ستراتیجی.
بڕیاریشە دیوارەکە پێنج مەتر و نیو بەرز بێت و ٢٢ دەروازەی هەبێت، دروستکردنیشی پێویستی بە نزیکەی ١٣٠ ملیۆن دۆلار دەبێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری نایاسایی کە زۆرینەیان هاووڵاتیی عێراق و سووریا بوون، بە ئامانجی چوونە ئەورووپا لە سەر سنووری نێوان پۆڵەندا- بێلاڕووس کۆبوونەوە، دواتریش کۆچبەرەکان ناوچەکانی سەر سنووریان چۆڵکرد و چوونە ئەو کەمپانەی لەلایەن حکومەتی بێلاڕووسەوە دروست کرابوون.