Salim Xemexan
15 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
ھەڵەبجە - AA
ھونەرمەندی پەیکەرتاش و خاوەنی پڕۆژەی دیواربەندکردنی شوێنی بۆمبە کیمیاییەکانی ھەڵەبجە، بەختیار ھەڵەبجەیی دوای پەردەلادان لەسەر دیواربەندەکەی لە لێدوانێکدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "کارەکەم کارێکی ھونەریی دیواربەندە، لەشوێنی کەوتنی بۆمبە کیمیاییەکان بەناوی 'لێرەدا بۆمبێکی کیمیایی کەوت' دروستم کردووە، لەکاتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا ٢٤ بۆمبی کیمیایی کەوتوون. تائێستا ھاووڵاتیان وەک پێویست شارەزای شوێنی کەوتنی ئەو بۆمبە کیمیاییانە نین و ئەوانەشی دەیزانن خەڵکانێکی کەمن و زۆر جاریش دڵنیا نین لە شوێنی بۆمبەکان، ئەم پرۆژەیەی من ھەوڵێکە بۆ راستکردنەوەی شوێنی راستەقینەی کەوتنی بۆمبەکان".
گوتیشی: "پڕۆژەکە راستەوخۆ دەبێتە دۆکیۆمێنتێک بۆ شوێنی بۆمبە کیمیاییەکان، هەرکات لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەراستیی شوێنی بۆمبەکان هاتە شارەکە، لە شوێنی دیواربەندەکان ئەگەر پشکنینی خاکەکە بکرێت روون دەبێتەوە کە بەڵێ لێرەدا بۆمبێکی کیمیایی کەوتووە".
ھەڵەبجەیی گوتیشی: "پرۆژەکەم ٢٣ کاری دیکەی دیواربەند لەخۆ دەگرێت، چونکە جگە لەم شوێنە ٢٣ بۆمبی تریش لە کۆچە و کۆڵانەکانی شارەکەدا کەوتوون، ئەگەر ئەو ٢٣ دیواربەندەی تریش تەواو بن ھەڵەبجە بۆخۆی دەبێتە مۆنیۆمێنتێکی گەورە، ئەوکات ھەرکەسێک ھاتە ئەم شارە دەچێتە ھەر کۆڵانێک ئەم دیواربەندانە سەرنجی رادەکێشن و لەبەردەمیدا دەوەستێت، تێ دەگات کە ئەم شارە چی بەسەردا ھاتووە".
ئەو ھونەرمەندە پەیکەرتاشە دەبارەی ماددەی بەکارھاتووی دیواربەندەکەی گوتی: "بەپلێتی ئەستووری شەش ملیم دروستم کردووە کە بە تێپەڕبوونی کات دەمێنێتەوە و تا دوو سەد ساڵیش ھیچی لێ نایەت، لەگەڵ رەنگ کردنی بەرەنگێکی سوور تاکو سەرنج رابکێشێت بۆلای خۆی و لەدوورەوە ببینرێت".
دەربارەی دیزاینی دیواربەندەکەش گوتی: "ھەر دیواربەندێک دیزاینی تایبەتی خۆیی ھەیە، دادە سوەیبە دیاریترین شەھیدی ئەم گەرەکە بووە کە بەم بۆمبە کیمیاییە شەھید بووە، لەھەر گەڕەکێک دیارترین شەھیدی ئەو گەرەکە لەدیواربەندەکەدا دیزاین دەکرێت، بۆ نموونە لەگەڕەکی پیرمحەمەد دیزاینی بکەین بێگومان وێنەکەی شەھید عومەری خاوەر دەکەینە دیزاینی دیواربەندەکە، بۆیە لەگەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام کۆی دیواربەندەکان لەچوارچێوەی یەک ستایڵدا دروست دەکرێن".
لای خۆیەوە کوڕی دادە سوەیبە ئەو ژنەی کراوەتە دیزاینی دیواربەندەکە، محەمەد مستەفا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "یادەوەری شەھیدبوونی کەسوکارمان بۆ ئێمە ھەمیشە بە ئازارە. دایکمان تەنھا شەھیدی ئێمە نییە و رەمزی شارێکە، ئەوە بۆ ئێمە جێگای شانازییە ھەموو ئەو خەڵکە بەڕێزەوە لەحزوری ئەم دیواربەندەدا بەبێدەنگی وەستاون".