Sangar Hamad Azeez
20 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2016
سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا مانوێل ڤاڵس، داوا دەکات لەو شارانەی کە یارییەکانی "Euro 2016"ی لێ ئەنجامدەدرێت باری لەناکاو درێژ بکرێتەوە تا وادەی دەستپێکردنی پاڵەوانیەتیەکە.
لە میانی لێدوانێکی بۆ رادیۆی "France Info" سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا مانوێل ڤاڵس گوتی: "داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە خوێندنەوە بۆ ئەو پێشنیازە بکات کە باری لەناکاو بۆ دوو مانگی دیکە درێژ دەکاتەوە".
ناوبراو تیشکی خستە سەرئەوەی کە هێشتا مەترسی ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوەی هێرشەکانی پاریس لە ئارادایە و گوتی: "پێویستە وادەی باری لەناکاو درێژ بکەینەوە تا کاتی دەستپێکردنی پاڵەوانیەتی یۆڕۆ ٢٠١٦ و بەم شێوەیەش پاڵەوانیەتیەکە پارێزراوتر دەبێت".
لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا زنجیرەیەک تەقینەوە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا روویان دا و بەهۆیەوە ١٣٠ کەس کوژران. راستەوخۆ دوای تەقینەوەکان باری لەناکاو راگەیەنرا، دواتر درێژ کرایەوە تا ٢٦ی ئایاری ٢٠١٦.