Yusuf Özcan
14 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2019
پاریس ــ AA
ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنانەی كە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و لە چەند شارێكی دیكەی ئەو وڵاتە دژبە ریفۆرمی خانەنشینی كە لەلایەن سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن-ەوە ئامادەكراوە ئەنجامی دەدرێن، تا دێت فراوانتر دەبن بەهۆیەوە تائێستا زۆربەی گەشت و میترۆكان راوەستان كە ئەوەیش بووەتە هۆی دروستبوونی جەنجاڵێكی زۆر لە هێڵەكانی هاتوچۆ.
دوێنێ هەینی خۆپیشاندان و مانگرتن لە شارە گەوڕەكانی فەڕەنسا بەتایبەتیش پاریسی پایتەخت ئەنجام دران كە بەهۆیەوە فەرمانبەرانی كەرتە جیاكان لە شارە گەورەكانی فەڕەنسا بەتایبەتیش پاریسی پایتەخت نەیان توانی بچنە سەر كارەكانیان.
لە لایەكی دیكەوە راگەیەندرا كە هەر بە هۆی خۆپیشاندان و مانگرتنەکانەوە، رێگەی هاتوچۆ بە درێژایی ٤٧٠ كیلۆمەتر لە شاری پاریس و دەورووبەری پەكخراوە.
هاوكات بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا، رێژەی مانگرتنی مامۆستایان لە قۆتابخانەكانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی گەیشتووەتە لەسەدا ٣٢، لە بەرامبەردا سەندیكاكانی كرێكاران رایگەیاندووە كە رێژەی مانگرتنی كرێكاران گەیشتووەتە لەسەدا ٩٢.
ئەمەش لە كاتێكدایە، پەكکەوتنی خزمەتگوزارییەكان لە بنكە تەندروستی و كارگێڕییە حكوومییەكان لە فەڕەنسا بەهۆی خۆپیشاندان و مانگرتنەوە درێژەی هەیە.
هەروەها چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ شەممە بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندان و مانگرتنەوە، جەنجاڵێكی زۆر لە كەرتی گواستنەوەی گشتی و هێڵەكانی شەمەندەفەر لە نێوان شاری پاریس و شارەكانی دیكەی فەرٍەنسا دروست بێت، جگە لەوەش چاوەڕوان دەكرێت خۆپیشاندان مانگرتن تا پشووەكانی كریسمەس بەردەوام بێت.
دوای خۆپیشاندانی ئێلەگ زەردەكان، ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەر لە كەرتە جیاجیاكاندا لە فەڕەنسا وەك ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە ریفۆرمی خانەنشینی كە لەلایەن سەركۆماری ئەو وڵاتە، ئیمانوێل ماكرۆن-ەوە ئامادەكراوە دەستیان كردووە بە مانگرتنی گشتی.
بە بەشداریی نزیەكەی ٨٠٠ هەزار كەس لە رۆژی پێنج شەممەوە و بۆ ماوەی شەش رۆژە خۆپیشاندان و مانگرتن بەردەوامە و بووەتە هۆی پەكخستنی هاتوچۆ لەسەرانسەری وڵاتدا.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا، ئیدوارد فیلیپ روونكردنەوەیەكی لەسەر ریفۆرمی خانەنشینی دا، بەڵام ئەو روونكردنەوەیە نەبووە مایەی خۆشحاڵی سەندیكاكان هەربۆیە بانگەوازی خۆپێشاندانەكانیان كردەوە و لەسەر داواكەیان لە پاریسی پایتەخت و شارە جیاكانی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.