Hakan Çopur
14 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2019
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ ڕایگەیاند: "دەمەوێت ئەوە بەبیری بەرپرسانی تاران بھێنمەوە کە ئەگەر ئێران و میلیشیاکانی ھەر ھێرشێک بۆسەر ئەمریکییەکان، ھاوپەیمانەکانمان یاخود بەرژەوەندییەکانمان ئەنجامبدەن، ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی توندی ئەمریکا دەبنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی توندوتیژی و ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی عێراق جارێکی دیکە ھۆشداری دایە بەرپرسانی تاران و ڕایگەیاند: "لە ئەگەری ئەنجامدانی ھەر ھێرشێک بۆسەر ئەمریکییەکان، ھاوپەیمانەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان لەلایەن ئێران و میلیشیاکانییەوە بەرپەرچدانەوەی توندمان دەبێت".
پۆمپیۆ ھێرشەکەی ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەی بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و ھێرشەکەی ١١ مانگیشی بۆسەر فڕۆکەخانەکە وەبیرھێنایەوە کە بە مووشەک ئەنجام درابوون و گوتی "لە ماوەی ڕابردوودا میلیشیاکانی ئێران چەندین ھێرشیان بۆسەر ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە".
ناوبراو لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە ھەماھەنگی نزیک لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.
پۆمپیۆ لەپاڵ ھۆشداریدان بە بەرپرسانی تاران جارێکی دیکەش ئەوەی وەبیرھێنانەوە کە پێویستە ئێران ڕێز لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ بگرێت و بەزووترین کات پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ میلیشیاکانی لە عێراق و ناوچەکە بوەستێنێت.
جێی وەبیرھێنانەوەیە ڕۆژی ٩ی کانونی یەکەم لەڕێی ٤ مووشەکی کاتیۆشاوە ھێرشێک بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا ئەنجامدراو بەھۆیەوە ٦ سەرباز بریندار بوون.
ئەوەش خرابووە ڕوو کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ڕووداوەکە شوێنی ھەڵدانی مووشەکەکان دۆزراوەتەوە.
پێشتریش لە ھەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و ئەنبار ھێرشی مووشەکی کرابووە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.