Serdar Bitmez
14 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2019
دۆحە ــ AA
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی رایگەیاند كە وڵاتەكەی بەشدارە لە چارەسەركردنی كێشە و ململانێیەكانی جیهان.
بە بەشداری زیاتر لە سێ هەزار سەركردە و سیاسەتمەدار، ١٩هەمین كۆڕبەندی دۆحە دەستی پێكرد كە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
لە دەستپێكی كۆڕبەندەكەدا میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی گوتارێكی پێشكەش كرد.
سەرەتا تەمیم بن حەمەد ئال سانی سەبارەت بە رەوشی ئێستای جیهان گوتی: "رەوشەكەوە لە بەرژەوەندی پڕبایەخی لێپرسراوێتی هاوبەش و یاسای نێودەوڵەتی وەك مەرجەع بەجۆرێك شكاوەتەوە كە رێخۆشكەرە لەبەردەم كاركردن بە یاسای هێز لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا لە بری كاركردن بە هێزی یاسا".
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی گوتیشی: "گرنگە لەئێستادا بەدوای سەرچاوەی كێشە و گرفتەكان بگەڕێن كە وای لە زۆرێك كردووە، باوەڕیان بە سیستەم و یاسا نێودەوڵەتییەكانی ئێستا نەمێنێت بەتایبەتیش چارەسەركردنی دووروویی سیاسی".
تەمیم بن حەمەد ئال سانی هەر لەوبارەوە جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگە هەوڵەكان بە راستگۆیی و جددی چڕ بكرێنەوە لە پێناو دانانی دید و بۆچوونی نوێ بۆ قۆناغی داهاتوو بەتایبەتیش دوای ئەوەی دەركەوت كە لە زۆر شوێندا كار بە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا ناكرێت لەوانە لە ناوچەكەدا.
سەبارەت بە قەیرانەكانی نێودەوڵەتی میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی گوتی: "دیدی نێودەوڵەتی هاوبەش شوێندراوە كە سەرەتا زۆر روون بوو لە رووی دەركردنی یاسای نێودەوڵەتی، پرسەكانی هەژاری، ژینگە و كەشو هەوا و، هەروەها سزادانی تاوانبارانی جەنگ".
تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەوەشی گوت: "كێشە و گرفتەكانی ئێستا هەمان كێشە و گرفتەكانی رابردوون و چارەسەرنەكراون، بەدەر لەوەش كێشەكانی ژینگە و كەشوهەوا تا دێت روویان لە زیادبووندایە، هەروەها دەبینین كە كێشەی هەژاری لە ناوچە بەربڵاوەكانی جیهان لەگەڵ كێشەی داگیركردنی خاكی ئەوانەی دیكە لەڕێگەی هێزەوە چارەسەرنەكراون".
روونیشكردەوە كە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان هەژار و جەنگدا هەیە، هەروەها پرسی كۆچكردن و پەنابەران لە هەڵكشاندایە، جگە لەوەش میلیشیا چەكدارەكان سوودیان لە ملمڵانێ و ناكۆكییەكاندا بینیوە كە ئەوەش وایكردووە سزادانی تاوانبارانی جەنگ پەكبخرێت.
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی گوتیشی: "ناتواندرێت ئەو كێشانە بەبێ هەوڵەكانی نێودەوڵەتی و دیدی هاوبەش چارەسەر بكرێن بەتایبەتیش پرسی توندڕەوی كە هیچ جیاوازی ناكات لەنێوان ئایین، نەتەوە و پێكهاتەكان".
تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە لەڕێگەی نێوەندگیری و رەخساندنی كەشێك بۆ سازكردنی گفتوگۆ بەشدارییان كردووە لە چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكانی جیهان.
سەبارەت بە هەوڵەكانی قەتەر بۆ بەهاناچوونی مرۆیی، تەمیم بن حەمەد ئال سانی گوتی: "لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ئایلوولی رابردوودا بەڕێوەچوو رامانگەیاندبوو كە ١٠٠ ملیۆن دۆلارمان بۆ ژمارەیەك وڵات تەرخانكردووە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، جگە لەوەش بەڵێنی فێركردنی یەك ملیۆن منداڵمان داوە لە ناوچەكانی شەڕ و پێكدادان لە جیهان تا ٢٠٢١".
هەر لەوبارەوە میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی گوتی: "دامەزراوە خێرخوازییەكانی قەتەر بە تەنها كار دەكەن بۆ فێركردنی ملیۆنەها منداڵ لەو ناوچانەی كە لە جیهان شەڕ و پێكدادان تیایاندا روودەدەن".
تەمیم بن حەمەد ئال سانی گوتی: "تائێستا سندوقی قەتەر بۆ گەشەپێدان، ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەكانی مرۆیی و فێركردن و تەندروستی لە ٥٩ وڵات لە جیهان تەرخانكردووە، بەدەر لەوەش رێكخراوی قەتەری خێرخوازی بە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بەشداریكردووە لە پڕۆژەكانی مرۆیی كە دەیان ملیۆن مرۆڤ لە ٥٠ وڵاتدا لێ سوودمەندن".
دوای گوتارەكەشی، تەمیم بن حەمەد ئال سانی سەرۆكوەزیرانی مالیزیا، مەهاتیر محەمەد وەك كەسایەتی ساڵ لە كۆڕبەندی دۆحەدا ناساند.
هەر لە كۆڕبەندەكەدا شاندی توركیا بەشدارن كە پێكهاتوون لە وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری بەرگری، خولوسی ئاكار و گوتەبێژی سەرۆكایەتی، ئیبراهیم كاڵن.
هەروەها وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، ستیڤن منووشن و راوێژكاری كۆشكی سپی، ئیڤانكا ترەمپ لە كۆڕبەندی دۆحەدا بەشدارن.