Muhammet Ali Kemal
05 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2017
ئەنقەرە- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان، رایگەیاند ''پێویستە لە هەموو بارودۆخێکدا رێگەی گفتوگۆ درێژەی هەبێت، تاوەکو ئەو کێشانەی هەن لە رێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بکرێن. ئێمە بە هۆی ئەوەی کە رووی دا نیگەران بووین. بۆ ئەوەش کە دۆخەکە ئاسایی بێتەوە هەموو جۆرە پشتیوانییەک پێشکەش دەکەین''.
دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی و شاندی نێوان هەردوو وڵات، مەولود چاوشئۆغڵو و هاوتا ئەڵمانییەکەی، سیگمار گابرێل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان، رایگەیاند ''پێشهاتێک بوو کە هەموومانی نیگەران کرد. چونکە ئێمە سەقامگیریی ناوچەکە، یەکێتیی و پێکەوەیی وڵاتانی کەنداو وەک یەکێتیی و پێکەوەیی خۆمان تەماشا دەکەین، لەو پێناوەشدا رۆڵمان دەبێت''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ناوچەکە بەرەوڕووی ژمارەیەک کێشەی زۆری وەک تیرۆر، رادیکاڵیزم، مەزهەبگەرایی و ئیسلامۆفۆبیا بووەتەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەوانەش کاری هاوبەش و پشتیوانیکردنی یەکتری پێویستە، راشیگەیاند ''بە دڵنیاییەوە وڵاتان دەکرێت کێشەیان هەبێت لە نێوانیاندا، جیاوازیی بیر و بۆچوونیان هەبێت. بەڵام پێویستە لە هەموو بارودۆخێکدا رێگەی گفتوگۆ درێژەی هەبێت، تاوەکو ئەو کێشانەی هەن لە رێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بکرێن. ئێمە بە هۆی ئەوەی کە روویدا نیگەران بووین. بۆ ئەوەش کە دۆخەکە ئاسایی بێتەوە هەموو جۆرە پشتیوانییەک پێشکەش دەکەین''.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی ئایا هیچ لیستێک لە ناوی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی سەردانی بنکەی ئینجیرلیک بکەن پێشکەشکراوە یان نا، ئاشکرای کرد هیچ لیستێک لەو بارەیەوە نەدراوە و جەختی لەوەکردەوە لە ئێستادا بارودۆخی سەردانکردنی ئینجیرلیک لەبار نییە و لە داهاتوودا و کاتێک دۆخەکە ئاسایی بوویەوە، دەکرێت هەندێک هەنگاوی هاوبەش بنرێت.