Haydar Karaalp,Rewa Mahmood Hasan
13 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا - AA
وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، محەمەد شەیاع سوودانی کە ناوی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەهێنرێت، لە حزبی دەعوە کشایەوە.
محەمەد شەیاع سوودانی کە لە ئێستادا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لە پەیامێکیدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییهكان، رایگەیاندووە "پێتان رادەگەیەنم کە لە حزبی دەعوە و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کشاومەتەوە".
ئەم هەڵوێستەی سوودانی لەکاتێکدایه، ئاماژە بەوە دەکرێت ناوبراو کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالکییە. هاوپهیمانیی فهتح به هاوپهیمانییهكی نزیک لە ئێران ئهژماردهكرێت .
- خۆپیشاندەران داوای کاندیدێکی سەربەخۆ دەکەن
لەکاتێکدا کە محەمەد شەیاع سوودانی لە حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی نوری مالکی کشاوەتەوە، دەنگۆکان دەربارەی کاندیدبوونی ناوبراو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق تادێت زیاتردەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە خۆپیشاندەره عێراقییهكان داوادەکەن، سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق سەر بە هیچ پارتێکی سیاسیی نەبێت.
- سەدر دژی ئەوەیە سوودانی ببێتە سەرۆکوەزیران
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پێشتر دووجار هەڵوێستی خۆی لەبارەی کاندیدکردنی سوودانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندووە و ئاماژەی بەوەکردووە، دژی ئەوەیە سوودانی ئهو پۆسته وهربگرێت.
چاوەڕێدەکرێت فراکسیۆنی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدرهوه پشتیوانیی دەکرێت، دژی سوودانی بوەستنەوە کە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی پشتگیریی دەکەن.