Dildar Baykan Atalay
23 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2022
واشنتۆن-AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ھەنگاوەکانی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا بە "دەستپێکی داگیرکاریی" ناوبرد و بەشی یەکەمی سزاکانی سەر مۆسکۆی راگەیاند.
جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە کۆشکی سپی سازیکرد، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە دوێنێ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دانی بە دوو ناوچە لە ئۆکراینا وەک "دەوڵەتی سەربەخۆ" ناوە، گوتی: "ئەگەر ئەمە بە سادەیی باس بکەین، رووسیا ئەوەی راگەیاند کە بەشێکی گەورەی ئۆکراینای لە وڵاتەکە دابڕیوە".
بایدن جەختی لەوە کردەوە کە دوێنێ شەو پوتین بڕیاری ناردنی سەربازی بۆ ئەو دوو ناوچەیە داوە و رووبەری سەربازیی فراوان کردووە، راشیگەیاند: "بە بڕوای من، پوتین بۆ ئەوەی بە زۆر ببێتە خاوەنی خاکی زیاتر، بیانوو درووست دەکات. ئەگەر گوێ لە گوتارەکەی دوێنێ شەوی بگرن، ئەوە دەبینن کە بۆ ئەوەی زیاتریش پێشڕەویی بکات بیانووی درووست کردووە. ئەمە سەرەتای داگیرکاریی رووسیایە لە ئۆکراینا".
- ئەمریکا بڕیاریدا دوو دامەزراوەی گەورەی دارایی رووسیا و کەسایەتییە نزیکەکانی پوتین سزا بدات
سەرۆکی ئەمریکا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە بەرامبەر ئەوە ھەنگاوانەی رووسیادا، سزای زۆرتر لەوانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بەسەر مۆسکۆدا سەپاندوویانە، دەسەپێنن، راشیگەیاند: "ئەگەر رووسیا لەم داگیرکارییەدا زیاتر پێشڕەویی بکات، ئێمە سزاکان زیاتر دەکەین. بۆ خاتری خودا، چی وای لە پوتین کردووە بیربکاتەوە دەتوانێت خاکی وڵاتانی دراوسێ بە سەربەخۆ رابگەیەنێت؟ ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و شایستەی ئەوەیە کە وەڵامێکی توندی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بدرێتەوە".
جۆ بایدن بەشی یەکەمی سزاکانی سەر رووسیای ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "سزا بەسەر دوو دامەزراوەی دارایی رووسیا و بانکە سەربازییەکانیاندا دەسەپێنین. سزا بەسەر قەرزە دەرەکییەکانی رووسیاشدا دەسەپێنین. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە حکوومەتی رووسیا چیتر ناتوانێت پارەی لە دامەزراوە داراییەکانی خۆرئاواوە دەست بکەوێت. رووسیا ئیتر نە لە ئەمریکا و نە لە ئەورووپا ناتوانێت لە بازاڕەکان بازرگانی قەرز بکات".
بایدن تیشکی خستەسەر ئەوەش کە لە سبەینێوە سزا بەسەر کەسایەتییە نزیکەکانی پوتین و ئەندامانی خێزانەکەی پوتیندا دەسەپێنن و رایگەیاند: "ئەم کەسانە ھاوبەشی ئەو قازانجەن کە کرملین لەرێگەی سیاسەتەکانییەوە بە گەندەڵی بەدەستیھێناوە. ھەربۆیە دەبێت باجەکەشی بدەن".