Dildar Baykan Atalay
05 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن – AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە میانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجامیدا، پاکێجێکی نوێی هاوکاریی ئەمنیی بەبڕی ٦٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراینا ئاشکر کرد.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە کۆشکی سپییەوە بڵاو کراوەتەوە، بایدن ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ زێلێنسکی ئەنجامداوە.
سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا هیچ کات لکاندنی خاکی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە ناناسێت و ئەوەی راگەیاندووە کە ئەمریکا هەموو کات بەردەوامی بە هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراینا دەدات و هاوکاری نوێی ئەمنیی بە بڕی ٦٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو وڵاتە ئاشکرا کردووە.
- بایدن، خۆشحاڵە لە بەرامبەر سەرکەوتنی رێککەوتنی رێڕەوی دانەویڵە
جۆ بایدن، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو پاکێجی هاوکارییە نوێیە مووشەکی راجیمەی جۆری HIMARS و سستەمی تۆپهاوێژ و چەک و پێداویستیی سەربازی لەخۆدەگرێت و رایگەیاندووە کە هەموو کات سزای توند ئامادەیە بۆ ئەوانەی پاڵپشتیی هەوڵەکانی لکاندنی رووسیا دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەی خستووەتەڕوو کە بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە سەرکەوتنی رێڕەوی دانەوێلە کردووە کە لە ئیستانبوڵ واژۆ کرا و گەیاندنی دانەوێڵەی ئۆکراینای بۆ بازاڕەکانی جیهان دابین کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو کات پاڵپشتیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئازادی و دیموکراسیی ئۆکراینا دەکەن.