Kasım İleri
05 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، عەمید پاتریک رایدەر ئیدانەی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی دوور مەودای کۆریای باکووری کرد لە کایەی ئاسمانیی ژاپۆن و ئاماژەی بەوە کرد کە وەک بەرپەرچدانەوەی ئەو تاقیکردنەوەیە، ئەمریکا بە جیا جیا لەگەڵ ژاپۆن و کۆریای باشوور مانۆڕی سەربازیی ئەنجامداوە.
عەمید پاتریک رایدەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە کۆریای باکوور مووشەکی بالیستی تاقی کردووەتەوە و مووشەکەکەش بەسەر ژاپۆندا رۆیشتووە و گوتی: "ئەمریکا ئیدانەی ئەو کردەیە دەکات و داوا لە کۆریای باکوور دەکات خۆی بە دوور بگرێت لە چالاکی نایاسایی و ناسەقامگیرهێن".
عەمید پاتریک رایدەر هەروەها باسی لەوە کرد کە وەک وەڵامێک بۆ تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی پیۆنگیانگ، هێزی دەریایی ئەمریکا و هێزەکانی بەرگریی ژاپۆن مانۆڕی سەربازییان لە دەریای ژاپۆن ئەنجامداوە، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا لە زەریاکانی هیندی-هێمن لەگەڵ کۆریای باشووردا لە خۆرئاوای دەریای چین مانۆڕیان ئەنجامداوە.