Hemn Baban
10 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
کەمپەکانی ئاوارەکانی نەینەوا ھێشتا لە ئارادایە و پێناچێت چارەسەری کۆتایی ئاوارەکان کە خۆیان لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیانی دەبینن بەمزووانە بێتەدی.

چەند ھاوینێکی ھەڵگری گەرمی سەروو ٥٠ پلەی سەدی و چەند زستانێکی سارد و پڕباران بەڕێ دەکەن، داعش چوو، ئەمان ھێشتا لەو کەمپانە ژیان بەسەر دەبەن کە کاتی خۆی لە ترسی داعش و چەکدارەکانی پەنایان بۆ ھێنابوو، چیرۆکی ئاوارەیی بەشێک لە دانیشتوانی مووسڵ چیرۆکی ئازاری سەدان ھەزار کەسی بێ ماڵ و حاڵی بێ نازە کە شەو و رۆژ بەدیار بەسەربردنی ژیانێکی شایستەی بەمرۆڤ ھەڵدەکەنەوە.

لەنێو کەمپی نەمرود ئافرەتێکی بەتەمەن کە پێدەچوو ئەم چوار ساڵ ئاوارەییە تەواو شەکەتی کردبێت پێی گوتین "پێدەچێت بارانیش رەحممان پێ نەکات وەکو ئینسانەکان، ئەوە چەند رۆژێکە لەتاو بارانی بەخوڕ نە خەو و نە خۆراکمان نەماوە، ھەرچییمان ھەبوو وێران بوو، تەنانەت خیوەتەکەشمان و ھەموو کەلوپەلەکانی نێوی لەبەر بارانا تێکچوو"، نەزیرە نەیویست لەپێش کامێرا دەرکەوێت و لە پاڵەوە پێیگوتم "لا توەرینی"، واتە وێنەم مەگرە.
ئەو ئافرەتە کە جلێکی نیلیی پۆشیبوو و دەمی ھەڵپێچابوو، جگە لە چاوەکانی ھیچ شوێنێکی دەموچاوی دیارنەبوون، ئەو لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، لەنێو کەمپی نەمرود کە نزیک بە ٣٠ کیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە دەژیت، ئەو پێش ھاتنی داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر دەژیا، خاوەنی پێنج منداڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی شەڕ لە عێراق، نەزیرە کە ھەموو قسەکانی پڕبوون لە گلەیی و گلەییەکانیشی پڕبوون لە سادەیی و راستی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەند رۆژێکە باران ژیانی لێ ئاڵۆزکردووین و لە ھەموو شوێنێکی ئەم کەمپەوە ئاو دێتە ژوورەوە، قوڕ و لیتەی ناو کەمپ ھەر باس مەکە، ھیچ خۆراکێکمان دەست ناکەێت، لێرە ژیان زۆر بەقورسی دەڕوات و مەژی و مەمرەیە، خۆزگە بمانتوانیبا بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، کەس ئیش بۆ ئێمە ناکات تا بگەڕێینەوە و وەکو مرۆڤ بژیین".

ھەینی رابردوو بارانێکی بەخوڕ پارێزگای نەینەوای ھاوشێوەی زۆرینەی پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە، بەڵام جیاواز لە ھەمووان بۆ ئاوارەکان ئەم بارانە چیرۆکی زیاتر ھەڵدەگرێت، ھەزاران خیوەتی کەمپی ئاوارەکان لەگەڵ قوڕ و لیتە تێکەڵبوون و باران ھەمووی تێک و پێکدا، ھەرچی ئەوانەی ژێر خیوەتەکانیش بوون لەوپەڕی نەھامەتییدا ماونەتەوە کە ھێشتا شوێنەواری ئەو بارانە زۆرە لەنێو کەمپەکاندا بە روونی دەبینرێت.

رەعد پیاوێکی ریش سپیی نێو کەمپەیەکە کە بۆ وەرگرتنی بەشە یارمەتییەکەی کە رێکخراوێکی خێرخوازی وەکو بەھاناوەچوونیان بۆی ھێنابوون لە چاوەڕوانییدا بوو، ئەو کە لە رێگەی دوو دارشەقەکەیەوە دەتوانێت بڕوات، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی گوت کە چەند رۆژی رابردوو دۆخیان لەوپەڕی خراپیدابووە.
رەعد یەحیا کە سەر و ریشی سپی بووە گوتی: "پاش ئەوەی خوای گەورە و میھرەبان چەند رۆژی رابردوو ئەو بارانە زۆرەی داباراند زۆرینەی ھەرە زۆری خیوەتەکان یان ھەمووی راستتر بڵێم پڕ پڕبوون لە ئاو و وای لێ ھات لە زۆر لە خیوەتەکان مەترێک ئاو بەرز بوویەوە و ئەمەش ژیانی لێ تاڵ کردیین و ھەموو شتێکمان بوو بە ئاو، بۆیە داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و ئیسلامییەکان دەکەین کە بەھانامانەوە بێن و چارەسەرێک بۆ بارودۆخی ئەو خەڵکە ھەژارە بدۆزنەوە".

لە کەمپی نەمرود کە چەند کیلۆمەترێکی کەم لە شوێنەوارەکانی نەمرود یەکێک لە دیارترین ئەو شوێنەوارانەی چەکدارانی داعش بە بیانووی "نەگونجانی لەگەڵ شەریعەت" تەقاندییانەوە و بەو پێیە بەشێکی زۆری مێژووی عێراق و پارێزگاکەیان کرد بە خۆڵەمێش ئاوارەیەکی زۆری چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای نەینەوا دەژیین.
لە کەمپی نەمرود کە نزیک بە ٧٥٠ خێزان کە ژمارەیان نزیک لە چوار ھەزار کەس دەبێت دەژیین، ئەمانە بەزۆرینە خەڵکی شارۆچکەی تەلەعفەر و شنگالن، بەشێکی دیکەش خەڵکی گوندەکانی دەورووبەری مووسڵ و ھەشیانە پێش ھاتنی داعش لەنێو مووسڵدا بوون، لێرە بەھەردوو زمانی عەرەبی و تورکمانی قسەی ئاوارەکانت گوێ لێ دەبێت وەکو چۆن چیرۆکی جیاواز ھەن.
روەیدە عومەر ژنێکە لە چلەکانی تەمەنیدایە، لەگەڵ سێ منداڵەکەی لەنێو کەمپەکەدابوو، ئەو دوو لە منداڵەکانی کەم ئەندامن و لە قسەکانیدا زوو زوو داوای ھاوکاریی بۆ دەکردن، ئەو دەیگوت چەند رۆژی رابردوو بارانێکی زۆر کەمپەکەی تەنیوە تەنانەت نەیانتوانیوە لەژێر خێوەتەکانیشدا خۆیان رابگرن بە ھۆی بوونی ئاوی زۆرەوە، ئەو گوتی: "ھیچ شتێکم لەو لافاوە بەسەلامەتی دەرنەچوو، مەترسی لەسەر ژیانمان ھەیە لەم کەمپانەدا، ئەگەر وا بڕوات ئەگەری کارەساتیش ھەیە، بۆیە داواکارم بەزووترین کات بگەڕێینەوە شوێنەکانی خۆمان، چونکە ژیانمان زۆر ناخۆش و پڕە لە نەھامەتی، ھەموو شتێکی ئێمە باران وێرانی کرد".
لەنێو کەمپی نەمرود ھیچ پێڵاوێک نییە قوڕاوی نەبێت، ھیچ پێیەکیش خاوێن و بێ قوڕ و لیتە نابینێت، ھاوشێوەی جلوبەرگەکان خێوەتەکانیش لە قوڕ و تەڕیی بارانی چەند رۆژەی رابردوو تەڕ تەڕن، منداڵانی ئەم کەمپەش بەم ساردیی زستانە قوڕ و لیتەی کۆڵانەکان و ئەو شوێنانەی ئاوییان تیادا کۆبووەتەوە بە دەرفەتی یاریکردن تێیاندا دەبینن، بێ باک لەوەی نەخۆشی زۆریان بۆ دەھێنێت.
لێرە لەنێو کەمپی نەمرود دیمەنی ژیانێکی دیکەی تەواو کارەستبار دەبینرێت کە جگە لە بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی بژێوی، ژیان بۆ بەشی زۆری ئەمانە ناچارییە ئەگەرچی چاویشیان ھێشتا لەسەر گەڕانەوەیە و ئومێدییان بەو رۆژەیە کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی پێشوویان و کۆتایی ئەم نەھامەتییە ببێت، نەزیرە بەترسەوە دەیگوت "زۆرێک لە دانیشتوانی ئەم کەمپە منداڵی ساوان یان تەمەنیان لەخوار پێنج ساڵەوەیە، بۆیە ئەگەر لافاو دووبارە ببێتەوە ئەگەری کارەساتی لێدەکرێت و دەبێت زوو حکوومەتی عێراق بەھانامانەوە بێت و لەم کەمپانە رزگارمان بکات".