Zana Natık Kerem
08 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2018
ئەنقەرە ــ AA
بە ھۆی باران بارینی بەخوڕ کە ناوەڕاست و رۆژئاوای ژاپۆنی گرتووەتەوە، ٦٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٩٢ی دیکەش بێ سەروشوێنن.
ئاژانسی ھەواڵیی "کیدۆ" بڵاویکردەوە، گوتەبێژی حکوومەتی ژاپۆن، یۆشیھید سوگا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە لە میانی چەند رۆژی رابردوو بە ھۆی باران بارینی بەخوڕ لافاو و رۆچوونی زەوی لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەو وڵاتە روویانداوە بە تایبەتیش لە شاری ھیرۆشیما.
یۆشیھید سوگا ئاماژەی بەوەشداوە کە لەئێستادا، ٥٤ ھەزار کارمەندی تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە بارانی لێ باریووە ولافاو تیایاندا روویداوە.
ھاوکات دەستەی کەشناسی ژاپۆن رایگەیاندووە کە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە، باران بارینێکی بەخوڕ ھەردوو ناوچەی کوجی و ئیھیما بگرێتەوە.