Cüneyt Karadağ
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
بەرلین - AA
سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا بەو کەسانەی کە کۆچ دەکەن بۆی لە زیادبووندایە، بەڵام رێژەی دانیشتوانی گەنج تیایدا کەمی کردووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن فەرمانگەی ئاماری فیدراڵی (Destatis)ەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئەڵمانیا کە تا کۆتایی ٢٠١٩ ژمارەی دانیشتوانی ٨٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس بوو، ژمارەی گەنجانی نێوان تەمەنەکانی ١٥-٢٤، هەشت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە رێژەی گەنجان لەناو تێکڕای ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیادا، سەدا ١٠،٣ ە، ئەوەیش کەمترە لە لەسەدا ١٠،٦ کە تێکڕایە لە یەکێتیی ئەورووپادا.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا بەو کۆچەی لە دەرەوە رووی تێ کردووە لە زیادبووندایە، بەڵام رێژەی دانیشتوانی گەنج تیایدا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا کەمی کردووە.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە ١٥ ساڵ لەمەوبەر نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار گەنج کە تەمەنیان لەنێوان ١٥-٢٤ ساڵیدا بوو، سەدا ١١،٨ی ژمارەی دانیشتوانیان پێکدەهێنا.