Abdulselam Durdak
11 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2015
پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ئابووری ئەڵمانیا لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند ئەمساڵ لە ئەگەری ھاتنی یەك ملیۆن و ١٠٠ هەزار پەنابەر بۆ ئەڵمانیا خەرجی تەرخانكراون بگاتە ٢١ ملیار و ١٠٠ملیۆن یۆرۆ.
ناوەندی پەیمانگەكە لە شاری میونیخە و لەبارەی خەرجی پەنابەران لە ئەڵمانیا لێكۆلێنەوەیەكی كرد و پێشتریش بە ھەمان شێوە لێكۆڵینەوەیەكی لەوبارەیەوە كردبوو كە تییایدا رایگەیاندبوو ئەگەر ئەمساڵ ٨٠٠ ھەزار پەنابەر بۆ ئەڵمانیا بێت ئەوە نزیكەی ١٠ ملیار یۆرۆ خەرجی تێدەچێت و لە دوا لێكۆڵینەوەشدا لە ئەگەری ھاتنی یەك ملیۆن و ١٠٠ هەزار پەنابەر بۆ ئەڵمانیا بڕەكەی بۆ ٢١ ملیار و ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ بەرز كردەوە.
لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە ژمارەیەكی زۆری پەنابەران لە خوێندن بێبەش بوون و گوتراوەش كە "بەپێی راپرسی پەیمانگەكەمان، لە سەدا ٤٠ی وەبەرھێنەرانی رۆژئاوای ئەڵمانیا بیر دەكەنەوە لە وەرگرتنی پەنابەران وەك دەستی كار. لە رۆژھەڵاتی ئەڵمانیاش رێژەكە نزمترە، بەڵام گشت كۆمپانیاكان پەیرەویی كەمترین مووچە بۆ پەنابەران وەك رێگرییەك لێ دەڕوانن".
روونیشی كردووەتەوە كە پێویستە پەنابەران دەستبەجێ دەست بە كۆرسی زمانی ئەڵمانی بكەن و دەستبەكار بن لەسەر كارەكان لەو وڵاتە و ھاتووە كە "پێویستە وڵاتانی دراوسێی سووریاش ھاوكارییەكانیان بۆ پەنابەران زیاد بكەن. ھاوكات پێویستە لە پێناو پارێزگاریكردنی بازاڕەكانی نێوخۆیی رێوشوێنی ئەمنی لە سنوورەكانی شەنگەن بگیرێتەبەر. چڕی كۆنترۆڵی سنوورەكان رەنگە سوودی ھەبێت".
لە روونكردنەوەكەدا تیشك خراوەتە سەر گوتەكانی بەڕێوەبەری ناوەندی ئابووری نێودەوڵەتی لە پەیمانگەكە، گابریل فێلبەرمایر و ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە كە خەرجی و گونجاندن دوو بابەتی گرنگی بازاڕەكانی كارە لە ئەڵمانیا و گوتی: "ئەم رێژەیە لە شوێنی مانەوە، خواردن، باخچەی ساوایان، قوتابخانە، كۆرسەكانی زمانی ئەڵمانی، خەرجی خوێندن و كارگێڕی پێك دێت".