Recep Yaşar
07 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2015
لەکۆپنهاگنی پایتەختی دانمارک، نزیکەی ٢٥ هەزار کەس بە ئامانجی باشترکردنی رەوشی پەنابەران رێپێوانیان کرد.
بۆ راكێشانی سەرنجی حكوومەت لەرۆژی كردنەوەی پەرلەمانی دانمارك، گرووپی پێشەوەی كۆمیتەی بەخێرهاتن لەفرێندسپارك (پاركی ئاشتی) كە دەكەوێتە تەنیشت بنكەی پۆلیس بیانی دانمارك كۆبوونەوە.
ئەو گرووپە بە بەرزكردنەوەی دروشمەكانی "بەخێربێن پەنابەران"، "دانمارك بۆ هەموومانە"، "ئەم شارە نابێتە لانەی رەگەزپەرستی"، لەبەردەم تەلاری پەرلەمانی دانماركەوە تاكو جادەی كریستیانسبۆرگ كە درێژییەكەی نزیكەی دوو كیلۆمەتر و 500 مەترە بەپێ رێیان بڕی.
بەشداربووانی رێپێوانەكە ماوە ماوە درووشمەكانی "ئێستا هەموومان پەنابەرین"، "پەنابەران بەخێر بێن"، "لەكۆڵانەكانمان رەگەزپەرستانمان ناوێت" دەگوتەوە. كاتێك بەهۆی قەرەباڵغییەوە رێگای هاتوچۆ داخرا، گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنی لەلایەن پۆلیسەوە سەرنج راكێش بوو.
بەشداربووان چەند دەمەترێكیان مابوو بۆ پێش تەلاری پەرلەمان كەمەشخەڵاكانی دەستیان داگیرساند، بەگەیشتنیشیان بۆ كریستیانسبۆرگ لەلایەن نزیكەی هەزار كەسی دیكەوە پێشوازییان لێ كرا.
لەناو چەپڵەرێزانی ئامادەبوواندا سەرۆكی بەشی لێكۆڵینەوە لەپەیمانگای مافەكانی مرۆڤ تۆماس گامێڵتۆفت، گوتی: " لەجیهان ٦٠ ملیۆن مرۆڤ لە پەنابەریدا ژیان بەسەردەبەن. ئەگەر چاومان لەو راستییە پۆشی خۆ كێشەكان چارەسەر نابن. پێویستە لەهەردوو وڵاتی دراوسێمان (ئەڵمانیا و سوید) فێر ببین و پێویستە دانمارك پەنابەری زیاتر وەربگرێت".
سەرۆكی سندووقی هاریكاری منداڵان ستینە بوسیش، گوتی: "هیچ كەسێك بۆ خۆشی خۆی سواری بەلەمی بچووك نابێت و گیانی خۆی ناخاتە مەترسییەوە".
بۆسی بەپێویستی زانی كە لەگەڵ پەنابەران باش مامەڵە بكرێت، و گوتی: " دەبێت هەموومان یەكگرتوو بین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ پەنابەران".
لەكۆتایی خۆپیشاندانەكەدا گرووپەكانی میوزیك هاتنە سەر سەكۆ و قەرەباڵغییەكە بێ درووستبوونی كێشە بڵاوەی لێ كرا.