Betül Yürük
19 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2015
جنێڤ
بەرپرسی کۆمسیاری باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئانتۆنیۆ گوتێرس ھۆشداری دا بەوەی کە رەنگە لە تێکرای جیھان رێژەی ئەوانەی ناچار دەبن شوێنی خۆیان جێبھێڵن لە ساڵی ٢٠١٦ بەزرتر بێتەوە.
گوتێرس لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و رایگەیاند ساڵی رابردوو لە تێکرای جیھان ژمارەی پەنابەران لە ١٩.٥ ملیۆن کەس پێکھاتبوو، کەچی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ ئەم ژمارەیە گەیشتە ٢٠.٢ ملیۆن کەس.
ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی خۆیان ناونووس کردووە بە گوێرەی ساڵی رابردوو سەدا ٧٨ زیادی کردووە و راشیگەیاند کە چارەسەری قەیرانەکانی سووریا، یەمەن و لیبیا بە رێگەی دیپلۆماسی گرنگییەکی زۆری بۆ قەیرانی کۆچ دەبێت.
گوتێرس گوتیشی: "لە تێکرای جیھان زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس ناچاربوونە شوێنیان بگۆڕن. رێژەی کۆچ لە گوێرەی ساڵی رابردوو نزمبوونەوەی بەخۆوە نەبینیووە. رەنگە ساڵی ٢٠١٦ بە گوێرەی ٢٠١٥ رێژەکە بەرزتر بێت".
بەرپرسی کۆمسیاری باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش دا کە تورکیا بڕی ھەشت ملیار دۆلاری بۆ پەنابەرانی سووری خەرج کردووە و ئەوەشی رایگەیاند کە زۆربەی پەنابەرانی سووریا لە لوبنان و ئوردن لە ژێر سنووری ھەژاریدا ژیان بەسەر دەبن.
ناوبراو لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە دوای ھێرشە تیرۆریستییەکانی پاریس ھەڵوێستی وڵاتان بەرامبەر بە پەنابەران گۆڕاوە و گوتیشی: "پێویستە ئەوە تێبگەین کە پەنابەران قوربانیانی یەکەمی تیرۆرن. قبووڵ نەکردنی پەنابەرانی موسڵمان داعش بەھێزتر دەکات. رەنگە داعش ئەوە بۆ بەرژوەندی خۆی بقۆزێتەوە".
ھاوکات گوتێرس نیگەرانی خۆی بۆ سیاسەتی ئەورووپا بەرامبەر بە پەنابەران دەربڕی و رایگەیاند کە بۆ ئەوەی سیاسەتی ئەورووپا بەرامبەر بە پەنابەران شکست نەھێنێت پێویستە یەکێتی ئەورووپا سەدان ھەزار پەنابەران نیشتەجێ بکات.