Dilara Karataş,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
09 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2023
واشنتۆن - AA
لە ئەمریکا، هاووڵاتییەکی سعوودی بە ناوی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی دوای ٢٠ ساڵ بەندکردنی بە گومانی پەیوەندیداربوون بە رووداوەکانی ١١ی ئەیلوولەوە، ئازاد کرا.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەی خستەڕوو کە لە شوباتی ٢٠٢٢دا بڕیاری ئەوە دراوە کە بەهۆی ئەوەی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی مەترسییەکی گەورە نییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، پێویست ناکات چیتر درێژ بە مانەوەی لە زیندان بدرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش وەبیرهێندراوەتەوە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا پێشنیازی سنوورداشکردنەوەی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی خستبووە بەردەم کۆنگرێس.
غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی تەمەن ٤٨ ساڵ لە ئاداری ٢٠٠٢دا لە پاکستان دەستبەسەر کرا و گومان دەکرا کە مەشقی تایبەتی وەرگرتبێت بۆ دروستکردنی بۆمب بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیشی ئاراستە بکرێت بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە زیندانی گوانتانامۆ بەند کرا.
پێشتریش ئەمریکا لە ٢٥ی شوباتدا، دوو برای پاکستانیی بە ناوەکانی عەبدول و محەمەد رەببانی دوای ٢٠ ساڵ بەندکردن لە زیندانی گوانتانامۆ، ئازاد کرد.
- زیندانی گوانتانامۆ بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناسراوە
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، باراک ئۆباما بەڵێنی دابوو زیندانی گوانتانامۆ دابخات کە لە دوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ەوە بۆ بەندکردنی ئەو گومانلێکراوە بیانییانە دروست کرابوو کە لە دەرەوەی ئەمریکا دەستگیر دەکرێن.
لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧دا و ماوەیەکی کەم بەرلەوەی ئۆباما پۆستەکەی رادەستی دۆناڵد ترەمپ بکات، تەنها ٤٠ بەندکراو لە زیندانەکەدا مابوونەوە.
ترەمپ لە میانی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، باسی لەوە کرد بوو کە ئەو زیندانە داناخات.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی لە ١٢ی شوباتدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە پلانیان وایە تا کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی جۆ بایدن، زیندانی گوانتانامۆ دابخەن.