Tuğçenur Akgün
19 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2023
نیویۆرک - AA
ئەمریکا کاردانەوەی بەرامبەر بڕیاری حکوومەتی ئیسرائیل نیشاندا، کە رێگە دەدات بە خێراکردنی بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی لە کەناراوی رۆژئاوای داگیرکراوی فەڵەستین و فراوانکردنی.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیۆ میلەر لە راگەیەندراوێکیدا سەبارەت بە بابەتەکە رایگەیاند: "ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە بڕیاری ئیسرائیل بۆ پێشوەچوونی پلانی بنیاتنانی زیاتر لە چوار هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە کەناری رۆژئاوا".
میلەر نیگەرانی دەربڕی لە بارەی هەواڵی گۆڕانکاری لە سیستمی ئیدارەی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل، کە بووەتە هۆی خێراترکردنی پلاندانان و پەسەندکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون.
هەروەها میلەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ماوەیەکی زۆرە ئەمریکا دژی ئەم جۆرە کارە تاک لایەنانەیە کە چارەسەری دوو دەوڵەتی قورستر دەکات و دەبێتە رێگر لەبەردەم ئاشتییدا و گوتی: "داوا لە حکوومەتی ئیسرائیل دەکەین ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە لە شاری عەقەبەی ئوردن و شەرم شێخی میسر داونی و بگەڕێتەوە بۆ ئەو دیالۆگەی ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکانە".
لەلایەکی دیکەوە، ئەو لاپەڕەیەی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ئەو راگەیاندنەی تێدا بڵاوکرابوویەوە بۆ ماوەیەکی زۆر نەدەکرایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا لەو بارەیەوە کە لە تویتەرەوە ئاڕاستەی میلەر کرابوو، رایگەیاند: "ئەو لاپەڕەیەی بەدوایدا دەگەڕێیت رەنگە بەردەست بێت یان بەردەست نەبێت".