Abdullah Shukur
03 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2017
واشنتۆن
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، رایگەیاند کە ئەوان ئاگانداری ئەوەن ئۆتۆمبێڵی زریپۆش لەگەڵ کاروانی ھاوکاری مرۆیی چوونەتە نێو منبج.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جێف دەیڤیس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆی لەمبارەیەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە و گوتی: " ھەستمان بەوە کرد کە لەگەڵ کاروانی ھاوکاری مرۆیی بۆ منبج کە لەلایەن رژێمی سووریا و رووسیا سپۆنسەری کراوە، ئۆتۆمبێڵی زریپۆشیش بوونی ھەیە. درک بەمە دەکەین. ئێمە بەشێک نین لەم شتە. من دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئێمە دەمانەوێت گشت لایەنەکان جەخت لە بەرەنگاربوونەوەی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بکەنەوە".
دەیڤیس ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان ئاگاداری بوونی یان نەبوونی ھیچ رێککەوتنێک لە نێوان کۆنسەی سەربازیی منبج کە سەر بە ھێزەکانی سوریای دیموکراتە لەگەڵ ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد نییە. ناوبراو بەرگری لەوەش کرد کە ئەوان بەشێک نین لە جموجۆڵی ناوچەکە.
لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئەوان پاڵپشتی لەمە دەکەن یان نا؟ دەیڤیس گوتی:" بابەتەکە پەیوەندی بە پاڵپشتی بوون یان نەبوون نییە. ئێمە تەنھا جەخت لە یەک شت دەکەینەوە ئەویش بەرەنگاربوونەوە لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە".
"زانیاریمان پێ دراوە"
دەیڤیس رایگەیاند کە ھێزەکانی سووریای دیموکرات لەمبارەیەوە زانیاری پێیان نەداوە، بەڵام حکوومەتی رووسیا لەبارەی جیاکردنەوەی ھێزەکان زانیاری بە ئەمریکا داوە و گوتیشی: "ئەمە بۆ ئێمە سوپرایز نەبوو. چونکە ئەمە نموونەیەکە لەسەر دروستکردنی ھیڵی جیاکردنەوەی ئارام. ئەمەش ھیچ شتێکی ئێمەی لەناوچەکەدا نەگۆڕیوە".
دەیڤیس لەبارەی بوونی ھێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا رایگەیاند کە لە ھەوڵی وەرگرتنی زانیاریدان لەمبارەیەوە و پێشھاتەکەش زۆر نوێیە.
کۆنسەی سەربازیی منبج کە سەر بە پەکەکە/پەیەدەیە دوینێ چوونەژوورەوەی رژێمی سووریای بۆ نێو منبج راگەیاندبوو. بەڵام ئەم ھێزە لە بەشی رۆژئاوای شارۆچکەکە جێگیر کرابوون کە بووەتە دیوارێک لە نێوان ھێزەکانی پەیەدە/پەکەکە و سوپای سووریای ئازاد لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات.