Ramal Mahmood
03 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2017
لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا پزیشکێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بەناوی عەبدولڕەحمان محەممەد ئەل-سەید رایگەیاند کە خۆی بۆ فەرمانڕەوای ویلایەتەکە دەپاڵێوێت، ئەوەش دەبێتە یەکەم خۆ پاڵاوتنی موسوڵمانێک بۆ ئەرکی فەرمانڕەوایی ویلایەت لەو وڵاتەدا.
ئەل-سەید کە ئەندامی خێزانێکی کۆچبەری میسرییە لە ساڵی ١٩٨٥ لە گراتیۆت کەنتری لە دایکبووە، بووەتە کاندیدی فەرمانڕەوای ویلایەتی میشیگان کە دەکەوێتە باکووری ئەمریکا.
ئەل-سەید لە ئەیلوولی ٢٠١٥ لە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی تەندروستی دێترۆیت دەستی بەکارکرد، لەبارەی خۆپاڵاوتنیەوە گوتی: "ئەگەر موسوڵمان بم یاخود نا بەهۆی باوەڕبوونم بەوەی دەبمە باشترین فەرمانڕەوای ویلایەتی میشیگان خۆم پاڵاوتووە. باوەڕم بۆ من گرنگە، وەک چۆن لای ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی ئەمریکیش بەهەمان شێوەیە".
ئەگەر ئەل-سەید وەک فەرمانڕەوا هەڵبژێردرا، دەبێتە دووەم فەرمانڕەوای گەنج لە مێژووی ئەمریکا دوای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بیل کلینتۆن لە ساڵی ١٩٧٨ "بەگەنجترین فەرمانڕەوایی ویلایەتەکە" هەڵبژێردرا.
ویلایەتی میشیگان بە یەکێک لەو ویلایەتانە ناسراوە کە هەستی ئیسلامفۆبیای تیادا بەرزە.
ئەل-سەید لە ساڵی ٢٠٠٧ بە پلەی یەکەمی سەر ئاستی کۆلێژ، کۆلێژی پزیشکی زانکۆی میشیگانی تەواو کرد، لە ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆی کۆڵۆمبیا ماستەری خوێند و دواتر لە کۆلێژی ئۆکسفۆرد لەبواری تەندروستی کۆمەڵ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێنا.