Davit Kachkachishvili
28 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2023
باخموت – AA
زیاتر لە ساڵێکە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە و ئەو سەربازە ئۆکراینیانەیش چەندین مانگە لە بەرەکانی جەنگدان لەبارەی رووداوەکانەوە دەدوێن.
دیمەنی ئامادەکارییەکانی ژمارەیەک لە سەربازان بۆ جەنگ و ژیانی رۆژانەیان لە بەرەی باخموت لە ناوچەی دۆنێتسک لەلایەن تیمی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە تۆمار کرا.

لە ناوچەکە سیستەمی تۆپهاوێژ، هاوەنهاوێژ، چەک، فڕۆکەی جەنگیی و هێلیکۆپتەر بەکار دەهێندرێن و جموجۆڵی گەرمی سەربازانی ئۆکراینایش بووەتە جێی سەرنج. یەکە سەربازییەکان بە تایبەت لە بەرەی باخموت زۆر چالاکن کە پێکدادانەکان لەوێ بەچڕی بەردەوامن.

گێنادی سەربازێکی ئۆکراینی تەمەن ٢٥ ساڵە کە لەنێو زرێپۆشدا چاوەڕێی هاتنی هاوسەنگەرانی دەکات، گوتی: "ساڵێکە لە بەرەی جەنگم، بەشێوەی خۆبەخش و ئارەزوومەندانە چوومەتە ناو سوپا. بۆ پاراستنی باخموت، بەرپەرچی هێرشەکانی دوژمن دەدەینەوە. ئەرکی ئێمە پاراستنی باخموتە. باخموت خاڵێکی ستراتیجیی و گرنگە".

گێنادی ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەیدا سەگێکی بەرەڵڵای لەسەر شەقام دۆزیووەتەوە و ئێستاش سەگەکە بەخێو دەکەن و لەلایەن تەواوی سەربازانەوە گرنگی پێ دەدرێت و گوتی: "ئێستا سەگەکە بووەتە بەشێک لە ئێمە بە تایبەت شەوان ئێشکەش دەگرێت. زۆر خومان پێوە گرتووە".
سەربازێکی دیکەی تەمەن ٢٧ ساڵ کە ویستی ناوی "دۆبریی" بۆ خۆی بەکار بهێنێت بە ئاماژەدان بەوەی کە شەش مانگە بەردەوام لە ئەرکدایە، گوتی: "هەموو رۆژێک دەجەنگین. پێویستە خاکی خۆمان بپارێزین. ئۆتۆمبێلی زاپۆرۆژێت بەکار دەهێنم کە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت بەرهەم هێندراوە. ئەو ئۆتۆمبێلە ئەگەر بەنزیکی تێ بکرێت و پاتریەکەی بەرگە بگرێت، بۆ کوێم بووێ پێی دەچم".
