ژيان, عێراق

مووسڵ.. نەمامگەیەک لە شوێنە وێرانکراو و پاشماوەکانی جەنگی داعش

ھاووڵاتی نیشتەجێی ناوچەی مووسڵی کۆن، تەڵاڵ محەمەد پێداگیرانە بە یارمەتی دراوسێکانی، داروپەردووی وێرانکارییەکانی شەڕی لە کۆڵانی حەمام مەنقوشە بەشی راستی شاری مووسڵ لابردووە و ھەرچی پاشماوەی جەنگ ھەیە ھەڵی گرتووە و کردوویەتی بە سەوزایی و نەمامگە.

Ismael Adnan Yaqoob  | 16.06.2021 - نوێکردنەوە : 20.10.2021
مووسڵ.. نەمامگەیەک لە شوێنە وێرانکراو و پاشماوەکانی جەنگی داعش

Ninawa

مووسڵ ــ AA - ئیسماعیل عەدنان

دیمەنی وێرانکاریی و خاپوورکردن بەھۆی شەڕەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە ناوچەی مووسڵی کۆن ھێشتا دەبیندرێت، بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگر و ئاستەنگ لەبەردەم خواست و ھەوڵەکانی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ لابردنی داروپەردووی وێرانکارییەکانی شەڕ و ئاساییکردنەوەی ژیان تیایدا.

ھاووڵاتی نیشتەجێی ناوچەی مووسڵی کۆن، تەڵاڵ محەمەد پێداگیرانە بە یارمەتی دراوسێکانی، داروپەردووی وێرانکارییەکانی شەڕی لە کۆڵانی حەمام مەنقوشە بەشی راستی شاری مووسڵ لابردووە و ھەرچی پاشماوەی جەنگ ھەیە ھەڵی گرتووە و کردوویەتی بە سەوزایی و نەمامگە.

تەڵاڵ محەمەد بەو کارە خۆبەخشەی خۆی، ھەوڵدەدات ژینگەی ناوچەی کۆنی مووسڵ پاک بکاتەوە و ھەرچی گوڵی جوان ھەیە لە نەمامگەکەی دابنێت بۆ ئەوەی جوانی بەناوچەکە ببەخشێت.

نەمامگەکە کە لە ناوەڕاستی ٢٠١٩دا کرایەوە، یەک ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار دیناری تێچووە و یەکەم نەمامگەیە کە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ لە ناوچەکە بنیاتنراوە کە چەندین گۆڵی جۆراجۆر تیایدا دانراوە.

لەوبارەیەوە تەڵاڵ محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەمان لە ساڵی ٢٠١٧دا، گەڕاینەوە سەر ماڵوحاڵی خۆمان و بینمان ناوچەکەمان زیانی زۆری بەرکەوتووە و بووە بە شوێنی زبڵ و خاشاک، بۆیە بڕیارمدا لە پاشماوەکانی جەنگ پاکی بکەمەوە و سەوازیی تیایدا بچێنم و نەمامگەیەکی تیایدا بکەمەوە".

گوتیشی: "لەئێستادا کەسانێکی زۆر لە دھۆک و ھەولێرەوە بۆ بینی نەمامگەکە و کڕینی گۆڵەکان سەردانم دەکەن، چونکە بەڕاستی نەمامگەکەم جوانیەکی سەرنجڕاکێشی بە ناوچەکە بەخشیوە، تەنانەت کەسانی بیانییش بەھەمان شێوە سەردانی نەمامگەکەم دەکەن کە پێشبینی ناکەن لە کاتێکدا ھێشتا، ئاسەواریی جەنگ لە ناوچەکە ماوە، ئەم نەمامگەیە لە یەکێک لە کۆڵانەکانی ناوچەی مووسڵی کۆن، کراوەتەوە".

تەڵاڵ محەمەد سەبارەت بە کاردانەوەی خەڵک و دانیشتوانی ناوچەکە لەبارەی پڕۆژەکەیەوە گوتی: "دانیشتوانی ناوچەکە زۆر خۆشحاڵن بە کردنەوەی نەمامگەکە، چونکە نیمچە باخچەیەک لە یەکێک لە کۆڵانەکانی ناوچەی مووسڵی کۆن بۆیان کراوەتەوە و سەردانی دەکەن و سات و کاتی خۆشی تیایدا بەسەر دەبەن".

ئەو گوتیشی:"ئەوەی زیاتر دڵخۆشم دەکات ئەوەیە، کەسانێکی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی مووسڵ تەنانەت لە دھۆک و ھەولێر سەردانی نەمامگەکەم دەکەن و نەمام و رووەکم لێ دەکڕن".

تەڵاڵ محەمەد هەروەها گوتی: "خەڵکی کاتێک سەردانی نەمامەگەکەم دەکەن، تووشی سەرسوڕمان دەبن، چونکە پێشبینی ناکەن کە نەمامگەیەک لەنێو ماڵ و باڵەخانەکانی یەکێک لە کۆڵانەکانی ناوچەی مووسڵی کۆن کراوەتەوە".

لای خۆیەوە یەکێک لە دانیشتوانی کۆڵانی حەمام مەنقوشە بەشی راستی مووسڵ بە ناوی مەحمود عەبدولغەفور بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "پڕۆژەکەی محەمەد تەڵاڵ ساحب، ناوەزایە و جوانییەکی زۆری بە ناوچەکە بەخشیوە، تەنانەت بەھۆی کردنەوەی نەمامگەکەوە، ژینگەی ناوچەکە گۆڕاوە".

گوتیشی: "ئومێد دەکەم ھەمان پڕۆژەکەی محەمەد تەڵاڵ ساحب لە ناوچەکانی دیکەی مووسڵ جێبەجێ بکرێت، چونکە سوودی بۆ ھەمووان دەبێت، جگە لەوەیش بۆ ئەوەی ژینگەی ناوچەکە پاک بێت و جوانیش بە ناوچەکە دەبەخشێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın