Hanife Sevinç
22 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "خۆشحاڵین بەوەی کە گەلانی ئەفریقا-ش بە هەمان دڵسۆزی ئێمەوە لە وڵاتەکەمان نزیک دەبنەوە".
ئەردۆغان، لە میانەی بەشداری کردنی لە کۆڕبەندی کار و ئابووری تورکیا-ئەفریقا، گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا لە داهاتوودا زۆر بەهێزتر دەبێت، گوتیشی: "بە بڕی شەش ملیار دۆلار سەرمایەگوزاریمان لە ئەفریقا کردووە".
ناوبراو دەربارەی پلانەکانیان بۆ ئایندەی بازرگانی نێوان تورکیا-ئەفریقا، رایگەیاند: "قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ ئەفریقا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتە ٢٥،٣ ملیار دۆلار. ئامانجمانە ئەم قەبارەیە سەرەتا بگەیەنینە ٥٠ ملیار و دوایش بیکەینە ٧٥ ملیار دۆلار".
سەرکۆماری تورکیا، باسی لەوەش کرد کە پێداویستی و کەلوپەلی پزیشکییان بۆ ٤٤ وڵاتی ئەفریقی دابینکردوە و گوتیشی: "لەگەڵ لیژنەی وڵاتە تورکییەکان کە تورکیا رابەرایەتی دەکات هاوکاری وڵاتانی ئەفریقا دەکەین بۆ بەدەستهێنانی ڤاکسین".
ئەردۆغان دەربارەی قۆرغکاری لە پرسی ڤاکسیندا رایگەیاند: "لە کاتێکدا کە ئەو ئازارانەی چەشتوومانن روون و ئاشکران، بەکارهێنانی بابەتی ڤاکسین بۆ سوود و بەرژەوەندی بە شتێکی راست نازانین".
سەرکۆماری تورکیا باسیشی لە رەوشی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە کیشوەری ئەفریقا کرد و رایگەیاند: "دانیشتوانی ئەفریقا لە بەرامبەر پەتای کۆرۆنا-دا بە تەنیا مانەوە و هیچ هاوکارییەکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکرا کە یارمەتیدەریان بێت لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاکەدا".