Ekip,Hemın Othman Mohammed
27 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، مەھدی کەڕوبی دەست دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکی گشتیی پارتی ئیعتیمادی میللی راگەیاند.
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی کەڕوبیدا کە لە ماڵپەڕی پارتی ئیعتیمادی میللی (etemadmelli.com)دا بڵاوکراوەتەوە، ھاتووە: "بەھۆی بەندکردنم لە ماڵ کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ٢٠١١ەوە دەستیپێکردووە و دیار نییە کەی کۆتایی پێدێت، دەست لە پۆستی سەرۆکی گشتیی پارتەکە دەکێشمەوە".
سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ریفۆرمخواز، مەھدی کەڕوبی، ھانی ئەندامانی پارتەکەیداوە بۆ کارکردن و، داوای کردووە کۆتایی بە جیاوازییەکانی ناو پارتەکەیان بھێنن و، لە پێناو پاراستنی پێکھاتەی پارتەکەدا ھاریکاری لەگەڵ پارتە ریفۆرمخوازەکانی دیکەدا بکەن.
پارتی ئیعتیمادی میللی کە یەکێکە لە پارتە ریفۆرمخوازەکانی ئێران لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ و ھەڵبژاردنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد بەسەرۆکی ئێران، لەلایەن کەڕوبیەوە دامەزرێنرا.
دوای سەرکەوتنی ئەحمەدی نەژاد لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠٠٩دا، کە تیایدا کەڕوبی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار ھەڵبژاردبوو، بەھۆی دروستبوونی خۆپیشاندان لەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەشەی بوونی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکەدا و، ئاشکرابوونی ئەشکەنجەدانی خۆپیشاندەران و رووداوەکانی دەستدرێژی، پارتەکە و رۆژنامەی ئیعتیمادی میللی سەربە پارتەکە داخران. پاشان لەگەڵ ھەڵبژاردنی حەسەن روحانی بەسەرۆکی ئێران، پارتەکە دووبارە لە ساڵی ٢٠١٣دا، دەستی بە چالاکی کردەوە.
بەتۆمەتی رێکخستنی رووداوەکانی پاش ھەڵبژاردنەکان، کەڕوبی و کاندیدەکەی دیکەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، میر حوسەین موسەوی لە ساڵی ٢٠١١ەوە زیندانی ماڵ کراون.